هێزێكی هاوبه‌ش كۆنتڕۆڵی ده‌روازه سنوورییه‌كان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
ئەنجومەنی وەزیران، ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی راسپاردووە بۆ پێكھێنانی ھێزێكی ھاوبەش، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و رێگرتن لە دیاردەی قاچاخچیه‌تی. بڕیارە ئەم دوو وەزارەتە كارنامه‌ی خۆیان ئامادەبكەن و دوای پەسه‌ندكردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، بە كردەیی دەستبەكار بن.
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، دەست دەكەن بە ئامادەكردنی كارنامه‌یه‌ك و پێكھێنانی ھێزێكی ھاوبەش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و راگرتنی دیاردەی قاچاخچیەتی. لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، ھەنگاوەكەی بەلاوە گرنگە و رایگه‌یاند، ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی داھاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت.
ئه‌شه‌د لۆلانی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "ئه‌م بڕیاره هه‌نگاوێكی زۆر باش بوو، كه حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه هێزێكی هاوبه‌ش له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ درووست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكه‌ن له هێنانی كاڵای نایاسایی و قاچاغچیه‌تی، ئه‌و دیارده‌یه‌ش بنبڕبكه‌ن".
ماوەیەكە لە دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، قاچاخچیه‌تی پەرەی سەندووە، رۆژانە خۆراكی قەدەغەكراو و ماوەبەسەرچوو دەپەڕێندرێنەوە، كاڵا دەھێنرێتە ژوورەوە و داھاتاكەی بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە.
شارەزایەكی سەربازی ھۆكاری راسپاردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ پێكەوە، رووندەكاتەوە.
عادل كاكەیی، شارەزای سەربازی ئاماژه‌ی كرد، "ئه‌م بڕیاره زۆر گرنگ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ی به‌سه‌ر دوو وه‌زاره‌تدا داشكردووه، له‌جیاتی یه‌ك وه‌زاره‌تی ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات، وڵاته‌كه‌مان شاخاوییه، مه‌رج نییه هه‌ر له ده‌روازه‌كانه‌وه ئه‌و كاره بكرێت، ره‌نگه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازه‌كانیش قاچاغچیه‌تی هه‌بێت، ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته ده‌توانن رێگاكانی قاچاغ دابخه‌ن و رێگری له‌و دیارده‌یه بكه‌ن".
ھەردوو وەزارەت، كارنامه‌كه دەخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەمە ھەنگاوەكانی جێبەجێكردن دەگیرێنەبەر، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی قاچاخچیه‌تی و گەڕانەوەی تەواوی داھاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ گه‌نجینه‌ی حكومەت.
د.ی