نرخی زێڕ دابەزی

نرخی زێڕ دابەزینی تۆمار كرد
نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - ھەولێر

سەرەڕای ئەوە لە سەرەتای ساڵی 2021 نرخی زێڕ گەورەترین بەرزبوونەوەی لە 10 ساڵی رابردووی تۆمارکرد، بەڵام لە کۆتا رۆژی یەکەم هەفتەی ساڵی نوێدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، لە کاتێکدا مەترسییەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەنگژە سیاسی و بڵاوبوونەوەی داتا ئابوورییە نەرێنییەکان بەردەوامە.

نرخی زێڕ لە کۆتای رۆژی مامەڵەی هەفتەیدا، لە گرێبەستە خێراکان بە رێژەی 3.39% بۆ 1849 دۆلار دابەزی واتە تەنیا لە یەک رۆژدا 64.94 دۆلار دابەزی.

لە گرێبەستە داهاتووەکانیشی بۆ مانگی شوبات بە رێژەی 4.09% بۆ 1835.40 دۆلار دابەزی و تەنیا لە یەک رۆژدا 78.20 دۆلاری لەدەستدا.

داکەوتنی ئەو کانزا زەردە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار کە پێوەری شەش دراوە سەرەکییەکە، بە جۆرێک سەرەڕای بڵاوبوونەوەی داتا نەرێنییەکانی پەیوەست بە بازاڕی ئەمەریکا، بەڵام پێنوێنی دۆلار بۆ 90.24 خاڵ بەرزبووەوە.

لە هەمانکاتدا هۆکارێکی دیکەی داکەوتنی نرخی زێڕ، بۆ بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی کۆمپانیای فایزەر دێت، کە ئاماژەی بە چالاکی ڤاکسینەکەی دژی کۆرۆنا داوە، بە شێوەیەک بەرپرسانی کۆمپانیاکە ئاماژەیان بەوەداوە ڤاکسینەکەیان چالاکە و لەسەر 16 جۆری بازدانی ڤایرۆس تاقیکراوەتەوە، سەرجەم ئەنجامەکان ئەرێنی بووە، سەرەڕای ئەوەش ڤاکسینەکە لە توانایدایە رووبەڕووی بازدانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێتەوە.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی وەبەرهێنەران بۆ کڕینی پشک، گوشارەکان لەسەر بازاڕی زێڕ لە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو، بە تایبەت دوای ئەوەی دەرکەوت کە پارتی دیموکراتەکان لە ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەکات، هەروەها جۆو بایدن لە گەڕێکی دیکەی ویلایەتی جۆرجیا سەرکەوت و کۆنگرێسیش سەرکەوتنەکەی پەسەندکرد. گومانەکان بە دابینکردنی پاکێجی پاڵپشتی دارایی رەوانەوە، کە بڕیارە سەرۆکی نوێی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی چەندین رێوشوێنی پاڵپشتی دارایی بڵاوبکاتەوە و پاڵپشتی ئابووری و کۆمپانیاکان بکات. ئەوەش وایکردووە کە وەبەرهێنەران زیاتر روو لە بازاڕی پشکەکان بکەن و سەرمایەکانیان لە پەناگە ئارامەکان بێننە دەرەوە.