حکومەت لە 2020 زیاتر لە 6.5 تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی هەشت مووچە داوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری خشتەیەک سەبارەت بە پارەی خەرجکراو بۆ مووچە، بڵاودەکاتەوە  
فەرمانگەی میدیا و زانیاری داتاکانی تایبەت بە مووچەی 2020ـی فەرمانبەران بڵاوکردەوە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری داتاکانی تایبەت بە مووچەی 2020ـی فەرمانبەران بڵاوکردەوە

K24 - ھەولێر

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ لە ساڵی 2020، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەشت مووچەی داوە کە بەشێکی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەشی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابینکراوە، کۆی گشتیی ئەو پارەیەش زیاتر لە شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.

لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لەماوەی ساڵی 2020 بڵاوکردووەتەوە. بەپێی خشتەکە، ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە دابینی کردووە، 63.8٪ـە و ئەوەی حکومەتی عێراقیش 36.1٪ـی کۆی گشتیی مووچەی دابینکردووە.

حکومەت لە 13ـی 1، 9ـی 2، 9ـی 3، 4ـی 5، 27ـی 6، 18ـی 8، 15ـی 10 و 3ـی 12 مووچەی دابەشکردووە، واتا لە ساڵی 2020، هەشت مووچەی داوە، بەڵام مووچەی مانگەکانی: 4، 7، 9 و 11ـی دابەش نەکردووە. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، روونکردنەوەی داوە سەبارە بە بڕینی 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار لە مانگەکانی: کانوونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ قەرزی بانکە ئەهلییەکان.

بەپێی خشتەکە: حکومەتی فیدراڵی بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، کە دابەشکراوە بەسەر خانەی چوار و پێنجەم بۆ پێدانی دوو مووچە، بەڵام لە مانگەکانی (5-6-7-10-11-12) حکومەتی فیدراڵی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەناردووە.

بەگشتی بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت لە ساڵی 2020، شەش تریلیۆن و 505 ملیار و 988 ملیۆن و 307 هەزار و 176 دیناری عێراقی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی تەرخانکردووە.

خشتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری
خشتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری

 

هـ.ر.