لەنێو چادرن.. ڤیدیۆیەک ترەمپ و خێزانەکەی نیشاندەدات پێش هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس

K24 - ھەولێر
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی و بەشێکی ئەندامانی خێزانەکەی نیشاندەدات، لەکاتێکدا سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەن کە ئاپۆڕای جەماوەریی لایەنگرانی ترەمپ نیشاندەدات، پێش هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس.
ئەو ڤیدیۆییە چوارشەممەی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ جونیۆر، کوڕی ترەمپ تۆمارکراوە، ئەندامانی خێزانەکەی نیشاندەدات کاتێک پێدەکەنن و گاڵتە لەگەڵ یەکتر دەکەن لەنێو چادرێکدا، پێش ئەوەی ترەمپ بچێت گوتار بۆ لایەنگرانی بدات، کە لەدوای ئەو گوتارەشییەوە ئاڵۆزی و پشێوییەکی مێژوویی لەنێو کۆنگرێس روویدا و پێنج کەس کوژران.
لە گوتارەکەی رۆژی چوارشەممە (6-1-2021) دۆناڵد ترەمپ، رەتیکردەوە دان بە سەرکەوتنی جۆو بایدندا بنێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و گوتی هەڵبژاردنەکەی لێ دزراوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە تۆمارکردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، بەشێکی ئەو لایەنگرانەی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ، لەکاتێکدا هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران (کۆنگرێس) لەکۆبوونەوەدابوون بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکە.
لە گرتە ڤیدیۆکەدا کیمبرلی گۆڵفوێڵ، خۆشەویستی دۆناڵد ترەمپ جونیۆر دەردەکەوێت، کاتێک سەما دەکات و دەڵێ هیوادارە مایک پێنس، جێگری ترەمپ "ئازایەتی و عەقڵیەتی هەبێت بۆ ئەوەی شتە راستەکە بکات" و، رێگری بکات لەوەی کۆنگرێس سەرکەوتنی جۆو بایدن پەسەند بکات.
چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، ترەمپ و خێزانەکەی هەر لەنێو ئەو چادرەدا سەیری دیمەنەکانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکایان کردووە لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە.
دۆناڵد جونیۆر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە خۆی تۆماری کردووە، دەڵێ "باوەڕ ناکەن چ حەشامەتێکم لەوێ بینی، 100 هەزار کەس ئێستا بەرەو مۆنیومێنتی واشنتن دەچن، ئەوانە نیشتمانین".
هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە بە خراپ بەسەر دۆناڵد ترەمپ شکایەوە، لایەنەکان تۆمەتباری دەکەن بەوە هانی توندوتیژیی داوە، بەڵام لەبەرامبەردا ترەمپ، کە بەهۆی ئەو رووداوانە تویتەری فەرمیی خۆی لەدەستدا و تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بۆ هەمیشە ئەکاونتەکەی سڕییەوە، دەڵێ ئەو تەنیا مەبەستی بووە ئەوە روونبکاتەوە، کە گومانی لە پاکیی هەڵبژاردنی 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هەیە، ئەو هەڵبژاردنەی جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان تێیدا سەرکەوت.