لەبارەی ھەوڵی دابەزاندنی دۆلار بەرامبەر دینار، زانیاری دەخرێتەڕوو

جەمال کۆچەر: دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هیچ بنەمایەکی نییە
دیناری عێراقی و دۆلار
دیناری عێراقی و دۆلار

K24 – ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیدەكاتەوە، حكومەتی عێراق نیازی ئەوەی ھەبێت بەھای دۆلار بە دینار دابەزێنێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگۆکانی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ کوردستان 24 رایگەیاند: "هەواڵی لەو جۆرە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق لەم دۆخەدا نیازی دابەزاندنی نییە و گۆڕانکاری لە ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار ناکات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دەکرێت، لە هەمانکاتدا لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە گۆڕانکاری لە ئاڵوگۆڕی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق بکات".

جەمال کۆچەر ئاشکراشی كرد: "کۆدەنگییەک لە ئەنجومەنی نوێنەران دروستبووە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بۆ تێپەڕاندنیشی پەرلەمان پێویستی بە 20 تاوەکو 30 رۆژ هەیە".

ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی دەنگۆکان بە دابەزاندنی بەهای یەك دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ئاستی 1300 دینار، لە بازاڕەکان بە مەبەستی قازانج کردن خواست بۆ دینار زیادیکردووە، بەهۆیەوە بەهای 100 دۆلار لە 143،900 دینارەوە بۆ 141،000 دینار دابەزیوە.