بەوێنە.. لە گەڕەکێکی هەژارنشینی بەغدا، مینبەری حوسەینییەیەک زێڕپۆش دەکرێت

K24 - هەولێر
مینبەری حوسەینییەیەکی بەغدا لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکان زێڕپۆش دەکرێت، ئەمەش خەڵکی توڕەکردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن لەجیاتی ئەوەی ئەو زێڕە بەو شێوەیە بەکاربێت، بەشێکی بدرێتە هەژاران.
2020 ساڵێکی ئابووریی خراپ بوو بۆ عێراق، رێژەی هەژاری زۆر زیادیکرد، بۆیە دوای ئەوەی عەلی تاڵوقانی، پیاوێکی ئایینی شیعەمەزهەب وێنەی خۆی لەسەر ئەو مینبەرە بڵاوکردەوە، کە بە زێڕ رووپۆش کراوە، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.

چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە دەگرن لە رووپۆشکردنی مزگەوت و حوسەینییەکان بە زێڕ، لەکاتێکدا ملیۆنان کەس هەژارن و پێویستییان بە پارەیە.
ئەو مینبەرەی بە زێڕ رووپۆشکراوە، بەپێی میدیاکانی عێراق، مینبەری حوسەینییەی قەسر زەهرایە، یەکێکە لە حوسەینییە گەورەکانی ناوچەی کازمیە لە بەغدا و، زۆربەی ئەوانەی لەو ناوچەیە نیشتەجێن، خەڵکانی هەژارن.

مینبەرە بەزێڕ رووپۆشکراوەکە، بەم دواییە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر نوێژخوێنان و پیاوانی ئایینی لەو حوسەینییە پەردەی لەسەر لادراوە، یەکەم کەسیش عەلی تاڵوقانی بووە کە وتاری لەسەر پێشکەش کردووە.
چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن؛ مینبەرەکە بە بڕی 800 هەزار دۆلار (نزیکەی یەک ملیار و 144 ملیۆن دینار)ـی تێچووە، بەڵام ئەمە ژمارەی نافەرمییە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا تاڵوقانی و حوسەینییەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو مینبەرەوە نەداوە، بەڵام موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر شەوی رابردوو لەڕێگەی تویتەرەکەیەوە لەبارەی مینبەرەکە دوا و گوتی "ئەمە تاوانێکی قێزەونە... دەبێت هەرئێستا مینبەرەکە هەڵبووەشێنرێتەوە و بەسەر هەژاراندا دابەش بکرێت، حوسەینییەکە تاوەکو مانگی رەمەزان دابخرێت و گوتاربێژەکەی کە چووەتە سەر مینبەرەکە، تاوەکو یەک ساڵی دیکە وتارخوێندنی لێ قەدەغەبکرێت".
