لەکۆیە (63) کەس لە ساڵی (2020) بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

چوار كارمەندی تەندروستی لە كۆیە بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوه‌
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ كۆیه‌
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ كۆیه‌

K24 - هه‌ولێر:

لەکۆیە (63) کەس لە ساڵی (2020) بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەدا، چوار کەسیان کارمەندی تەندروستی بوون.

ئێستا بارودۆخی کۆرۆنا لە کۆیە، لەتووشبوون و مردن بە ڤایرۆسەکە دابەزیوە، بەڵام مەترسییەکان ھەر ماون.

سەرباری ئەو بارگرانییەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسەکە لەسەر کەرتی تەندرووستی هه‌بووه‌، بەڵام تەواوی خزمەتگوزاریەکانی دیكه‌ی لە ساڵی (2020) لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستییەکان پێشکەشی نەخۆش کراون.

پێشتر زۆرینەی کات ئەم قه‌ره‌وێڵانه‌ی "سەنتەری ماد" بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا لە کۆیە پڕبوون، ھەموو ھەوڵی ستافی سەنتەرەکە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی مردنی نەخۆشەکان بوو.

کۆرۆنا ئەرکێکی سەختی لەسەر حکومەت و وەزارەتی تەندره‌وستی دانابوو، بەڵام خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی دیكه‌ لەدامودەزگا تەندرووستییەکان درێژەیان پێدراوە.

کۆیە یەکەم قەزای سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بوو، كه‌ ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ دەرکەوت.

رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەرکی تەندروستی لە کۆیە قورستر کردبوو، بەڵام خزمەتگوزارییەکان بەباشی پێشکەش کراون.

دکتۆر کاوە سابر، بەڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید دكتۆر خالید گوتی: "كۆرۆنا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ساڵێكی پڕ كێشه‌ و سه‌خت بوو له‌ بواری ته‌ندرووستیدا، شاری كۆیه‌ش هه‌ر وه‌ك شاره‌كانی دیكه‌، شه‌پۆڵێكی كۆرۆنا رووی تێكرد، هه‌رچه‌نده‌ پێشوه‌خته‌ ئاماده‌كاریمان كردبوو، چونكه‌ كۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم‌، یه‌كه‌م قه‌زا بوو كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا، دوای ئه‌وه‌ سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنامان به‌ ناوی "ماد" له‌ كۆیه‌ كرده‌وه‌، ویژدانمان ئاسووده‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ساڵێكی هیلاكی و ماندووبووندا، كه‌ پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندرووستیمان له‌ شاره‌كانی دیكه‌ش كه‌متربووه‌، فشارێكی زۆرمان له‌سه‌ر بووه‌، تا خزمه‌تێكی زیاتر بكه‌ین".

بەھۆی زۆری تووشبوانی کۆرۆنا لە سنووری قەزای کۆیە، زۆرجار تووشبووانی ڤایرۆسەکە، جگە لە سەنتەری ماد، لە نەخۆشخانەی شەھید دکتۆر خالید چارەسەر دەکران.

زیاتر لە (60) پزیشك و کارمەندی تەندرووستی لەکاتی چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، چوار لە کارمەندانی تەندرووستی گیانیان لەدەستدا.

دکتۆر کامەران عەباس، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی کۆیە گوتی: "هه‌رچه‌نده‌ ساڵێكی قورس بوو، به‌ڵام پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی به‌ جددی كاره‌كانی خۆیان كردووه‌، (916) نه‌خۆشی كۆرۆنامان هه‌بوو، ژماره‌ی مردنیش (63) بوون".

ھاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیكه‌ی ھەرێمی کوردستان، توشبوون و مردن بە ڤایرۆسەکە لەکۆیەش کەمی کردووە، ئێستا کە باس لە نەوەیەکی نوێی کۆرۆنا لە ھەندێك وڵاتانی دونیا دەکرێت، بەڕێوبەرایەتی تەندرووستی کۆیەش وەک بەڕێوبەرایەتییەکانی دیكه‌، پێشوەختە ئامادەکاری بۆ ھەر گۆڕانکارییەك لە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکات.

د.ی