پاشماوەی فڕۆکە ئیندۆنیزییەکە لە دەریا دۆزرایەوە

بە تێکشکاوی
چەند پارچەیەکی فڕۆکەکە لە دەریا دەرهێنرانەوە، وێنە: ADEK BERRY / AFP
چەند پارچەیەکی فڕۆکەکە لە دەریا دەرهێنرانەوە، وێنە: ADEK BERRY / AFP

K24 - هەولێر

ئەو فڕۆکە ئیندۆنیزییەی دوێنێ دوای چەند خولەکێک لە هەڵسانی لە جاکارتا لە رادار دیار نەما، ئەمڕۆ پاشماوەی لە دەریای جاڤا دۆزرایەوە.

بەپێی بەشی فریاکەوتنی ئیندۆنیزیا، فڕۆکەکە کە بەلایەنی کەمەوە 62 کەسی هەڵگرتبوو، دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵسانی، کەوتووەتە نێو دەریای جاڤا و پاشماوەی فڕۆکەکە و جلوبەرگی گەشتیارانی نێو فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە.
 
کەشتییەکی هێزی دەریاوانیی ئیندۆنیزیا کە بەشداربووە لە پرۆسەی گەڕان بەدوای فڕۆکەکە، ئاماژەی لە فڕۆکەکە پێگەیشتووە، بەمشێوەیە توانیویانە شوێنی دیاریبکەن و پارچەکانی دەربهێننەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپا لە قوڵیی 23 مەتر لە دەریا، چەند پارچەیەکی فڕۆکەکەیان دەرهێناوەتەوە، بەڵام ئاشکرای نەکردووە ئاخۆ ئاماژەکە لە سندووقی رەشی فڕۆکەکە دەرچووە یان نا.

یوسری یونوس، گوتەبێژی پۆلیسی جاکارتا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە "چەند پارچەیەکی جەستە لە دەریا دەرهێنراونەتەوە و گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی تایبەت بە پۆلیس بۆ ئەوەی ناسنامەکەی بزانین. بەڵام دڵنیاش نین ئەمانە پارچەی جەستەی یەک کەسن یان نا".

فڕۆکەکە، لە جۆری بۆینگ 737-500 بوو و سەر بە کۆمپانیای سریڤیجایا بوو، دوێنێ لە فڕۆکەخانەی جاکارتا بەرەو شاری پۆنتیناک لە رۆژئاوای وڵات بەڕێکەوتبوو، کاتێک لەسەر دەریا لە رادار دیارنەما.