ساماڵ عەبدولرەحمان: پێكھێنانی ھێزێكی ھاوبەش كاریگەری دەبێت بۆ زیادكردنی داھاتی دەروازە سنوورییەكان

بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكان: پێشوازی لە ھەر ھەوڵێك دەكەین كە ببێتە ھۆی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان
ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان
ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان

K24 - ھەولێر

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا ھێزێكی ھاوبەش بۆ دەروازە سنوورییەكان پێكبھێنرێت، بۆ ئەوەی رێگری لە قاچاغچیێتی بكرێت. بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانیش ئاشكرای دەكات، پێكھێنانی ئەو ھێزە كاریگەری دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و زیادكردنی داھات.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشوازی لە ھەر ھەوڵێك دەكەین كە ببێتە ھۆی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان لە قاچاغچیێتی، ئەگەر ھێزێكی ھاوبەش بۆ دەروازەكان پێكبھێنرێت لەو بڕوایەدام كاریگەری باشی دەبێت، بۆ داھاتی دەروازەكان و رێكخستنی كاروباری بازرگانی".

گوتیشی: "لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەو ھێزە ھاوبەشە لە دەروازە سنوورییەكان ھەماھەنگیمان لەگەڵیان دەبێت و پشتیوانیان لێدەكەین ".

بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكان، راشیگەیاند: "بەداخەوە قاچاغچیێتی لە دەروازە و گومرگەكان تێكەڵ دەكرێت، دیاردەی قاچاغ لە ھەموو دونیا ھەیە، گومرگەكانی ئێمە بە سیستم بەڕێوەدەبرێن و رێگە نادرێت قاچاغچیێتی تێدا بكرێت، لە دەرەوەی سیستم ھەندێك كاری قاچاغچیێتی ھەیە، بەڵام رێگریكردن لەو حاڵەتانە تەنھا ئەركی گومرگەكان نییە، بەڵكو ئەركی ھەموو ھێزەكانە، وەك پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی سنوور، ئومێد دەكەین بە پێكھێنانی ئەو ھێزە ھاوبەشەی بڕیاری لێدراوە ھەموومان پێكەوە بتوانین رێگری لەو دیاردەیە بكەین".

جەختیكردەوە: "كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان كاریگەری ئەوتۆی دەبێت، بۆ زیادكردنی داھاتی گشتی".

ساماڵ عەبدولرەحمان، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا بە گشتی كاروباری بازرگانی لە گومرگەكان بە باشی بەڕێوەدەچێت، دەتوانین بڵین گەیشتووەتەوە ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، تاڕادەیەك بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار كێشەی بۆ دروستكردوین، لە ھەوڵداین بە ئاسانكاری یان رسوماتی گومرگی چارەسەری ئەو گرفتەش بكەین".