كانی بەرھەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

ھونەرمەند كانی بۆ كوردستان24 باسی ژیانی تایبەت و كاری نوێی ھونەری دەكات
kurdistan24.net

K24 – سوید

خانمە ھونەرمەندی كورد كانی ئاشكرای دەكات، سەرقاڵی بەرھەمێكی دیكەی گۆرانییە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بڵاوی بكاتەوە.

لەمیانی بەشداریكردن لە بەرنامەی رۆژباش، سەبارەت بە كاروباری رۆژانەی خۆی بە كوردستان24ی راگەیاند: "جگە لە كاری ھونەریم، ئێستا رۆژانە سەرقاڵی كاركردنم لە سوید، كاتژمێر 06:30 بەیانی دەست بە كاركردن دەكەم تا 03:30 پاشنیوەڕۆ، دواتر ئەركی دایكایەتیم جێبەجێ دەكەم و سەرقاڵی ئامادەكردنی چێشت دەبم لە ماڵەوە".

گوتیشی: "لە سەرەتا كە كوردستانم جێھێشت و ھاتمە سوید، دوای ئەوەی فێری زمان بووم داواكاریم بۆ وەرگیرانم لە زانكۆ پێشكەش كرد، ھەوڵمدا لە بواری خۆمدا زیاتر خۆم پەروەردە بكەم، دواتر بڕوانامەی زانكۆ و ماستەرم بە دەستھێنا، پاشان پێویست بوو كار بكەم وەك مامۆستا وانە بڵێمەوە، بەڵام ماوەیەكی زۆر كەم وانەم گوتەوە، چونكە ھەستم كرد كارێكی دروست نییە و نەمتوانی لێی بەردەوام بم، بۆیە ساڵ و نیوێك وانەم لەسەر گوڵ خوێند ئێستا كاركردنی من رازاندنەوە و جوانكاریی و فرۆشتنی گوڵە، كە ئەمەش تاڕادەیەك پەیوەندی بە ھونەرەوە ھەیە".

لەبارەی كارە ھونەرییەكانییەوە كانی گوتی: "راستە من بەرھەمی كەمم ھەیە، بەڵام خۆشبەختانە كارەكانی جێگەی خۆی لە دڵی خەڵك كردووەتەوە، ئێستا سەرقاڵی كاركردنم بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمی نوێ، ھیوادارم لە داھاتووێكی نزیكدا بگاتە گوێی بیسەرەكانم".

شەمێران سەعید ناسراو بە (كانی) یەكێكە لە ھونەرمەندە دیارەكانی كورد، تائێستا لەگەڵ كارزان مەحموودی موزیسیان كە ھاوسەریەتی چەند بەرھەمێكی بڵاوكردووەتەوە و پێشوازی باش لە بەرھەمەكانی كراوە، كانی چەند ساڵێكە لە وڵاتی سوید دەژیت و ھەر لەوێ بڕوانامەی ماستەری لە بواری موزیك و گۆرانی بەدەستھێناوە.

ھ.م