دوای سێ هەفتە، بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە 

دوای سێ هەفتە، بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە 
منداڵان لەکاتی بووکەبەبارانە لە سلێمانی، وێنە: دانا حەمەغەریب، کوردستان24
منداڵان لەکاتی بووکەبەبارانە لە سلێمانی، وێنە: دانا حەمەغەریب، کوردستان24

 K24 - هەولێر

دوای تێپەڕینی نزیکەی 21 رۆژ بەبێ بارانبارین، خەڵکی هەرێمی کوردستان ترسیان لێنیشتووە لەوەی ئەمساڵ وشکەساڵی بێت، بەڵام بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، مژدەی بارانبارین دەدات لە چەند رۆژی داهاتوودا.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند "لەدوای سێ هەفتە لە نەبارینی باران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی پێشبینیی نەخشەکانی کەشناسی، لە رۆژی پێنجشەممەوە بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات".

ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیەی لە ماوەکانی رابردوودا کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناوچەکە کردبوو، ببووە رێگر لەبەردەم نزمە پاڵەپەستۆکانی دەریای ناوەڕاست و بارانبارین، فازڵ ئیبراهیم هەروەها دەڵێ "ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیانە لاواز دەبن و دەکشێنەوە، بەمەش دووبارە هەست بە وەرزی زستان دەکەین بە بارانبارین لە ناوچەکانمان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان".

کەشناسی پێشبینی دەکات لە رۆژی هەیینی، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەفربارین دەستپێبکات و پلەکانی گەرما کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرزبوونەوە، دووبارە روو لە دابەزین بکەنەوە.

فازڵ ئیبراهیم دەڵێ "لە دوو رۆژی داهاتوودا، پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەڵام دواتر دەست بە دابەزین دەکەن و تاوەکو لە پینجشەممەوە باران دەبارێت... ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەیە سەبارەت بە دواکەوتنی بارانبارین، یان ئەگەرەکانی وشکەساڵی، ئیدی دەڕەوێتەوە".

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی جەخت دەکاتەوە لەوەی "پێشبینی دەکرێت بەو شەپۆلەی بارانبارین کە چاوەڕوان دەکرێ لە پێنجشەممەوە دەستپێبکات، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، سێ شەپۆلی بارانبارین روو لە ناوچەکە بکەن".