دەبێت كوردستان چاو له كام ئهزموونی عێراق بكات!
K24 - بهسره:
رێگەکە دوورودرێژ بوو، بۆ كورتكردنهوهى، باسی زۆر شتمان كرد، شۆفێرەکە پیاوێکی بەتەمەن بوو، خەڵکی شارۆچکەی زوبێری سەر بە بهسره بوو، پێی دەگوترا «ئەبو نوور»، یەکسەر بەو قسەیە دەستیپێکرد، "ئەم رێگەیەت بینیوە لەسەردەمی سەدام حوسێن دروست کراوە... لەدوای ساڵی (2003)ـوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوه رێگەیەکی لهم شێوهیهمان بۆ دروست بکرێت"، هەر لێرەوە تێگەیشتم لەوەی گلەیی سەرەکی خەڵک، نەبوونی خزمەتگوزارییە.
"بهسرهی بێ خزمەت"
بهسرە، رۆژانە سێ میلۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشێت، جگە لە دەروازە ئاوییهكهى ئوم قەسری باكوور و باشوور، دهروازهى سهفوان و شهلامچه و خور و زوبیر، ئهمه بهدهر لە داهاتی ناوخۆیی شارهكه، بەڵام ئهگهر بیانییهك سهردانی بهسره بكات و لهم زانیارییانه بێ ئاگابێت، ئهوه بیانووێكی پێ نییه بۆ نهبوونی خزمهتگوزارى تێیدا، لهگهڵ ئهو دۆخه خراپهدا، هێشتا لهدیدی پیاوێکی بەتەمەن، شارهكهوه کە شیعەمەزهەب بوو، لە گەڕەکی حوسێن پارێزگای بهسره لە شارەکانی دیکەی وەک سەماوە و ناسرییە و دیوانیە باشتره، تێگەیشتم؛ دەسەڵاتدارانی شیعەمەزهەبی عێراق، تائێستا نەیانتوانیوە دڵی خەڵکەکەی خۆیان رازی بکەن و، خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ شارە شیعەنشینەکانی خۆیان بهێنن، بەکوێدا دەڕۆیشتی، تووڕەیی خەڵک هەبوو لە بەغدا و دەسەڵاتدارانی شیعە.
مینای ئوم قەسر لە بهسره "ڤینیسای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
کێ باوەڕ دەکات ئەگەر بڵێم ڤینیسیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی ئەم هەموو داهاتەیە، کەچی رێژەی هەژاری تێدا لەسەرووی سەدا (20)ـە.
لەهەموو کوچە و کۆڵانێک، ئاڵایەکی سوورت بهرچاو دهكهوێت، لەگەڵ ئاڵایەکی "یا حوسێن"، وێنەیەکی ئیمام عەلی لە دەرگای زۆربەی ماڵەکان هەڵواسراوە، پێدەچێت لەدوای ساڵی 2003ـوه، تەنها دەستکەوتی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق، بەخشینی ئازادى زنجیرلهخۆدان و هەڵواسینی ئاڵای رەنگاوڕەنگ بێت، کە لەسەردەمی رژێمی بەعس لێیان قەدەغەکرابوو.
"خۆزگە بەخۆتان"
من، له زاراوه و رواڵتهم دیاربوو کوردم، کەسێکی نامۆم لەنێو خەڵکی بهسره، هەر کە خەڵک منیان دەبینی، حەزیان دەکرد قسەم بۆ بکەن، (کاکە، خۆزگە بەخۆتان) بەردەوام ئەو قسەیان پێدەگوتم، بەبێ ئەوەی بزانن نیشتەجێی کەرکووکم و حاڵی شارەکەم لەوان باشتر نییە، بەڵام پێیان وابوو خەڵکی پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانم، بڕوام نەدەکرد خەڵکێک هەبێ خۆزگە بەژیانی ئێمە بخوازێت، کە کوردی بێ دەوڵەتین، بەڵام تێگەیشتم خۆزگەی ئەوان بۆ ئەو پێشکەوتن و خزمەتگوزاری و ئاسایشەیە، کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.
"ناسرییەی تووڕە"
مەبەستم بوو شارێکی وەک ناسرییە ببینم، کە رۆژانە زیاتر لە (100) هەزار بەرمیل نەوتی لێ هەناردە دەکرێت، دانیشتووانەکەی تووڕەن و پێیان وابوو گرووپه میلیشیاكان وهكو ئاژهڵ مامهڵه لهگهڵ ئهو خهڵكهدا دهكهن، له هیچ هێرشێكی ئهواندا كه ئامانج لێی كۆتاییهێنانه به خۆپیشاندان و تووڕهییهكان، كهمتر له 15 بۆ 20 كهس نابێته قوربانی، لە ناسریهی توڕەدا رێژەی هەژاری (لەسەدا 44)ـە.
زۆرینەی بیناکانی نێو شارەکە هی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان بوون، خەڵکەکەی هێشتا دەیانگوت لە ئێمەش خراپتر هەیە، کە پرسیم گوتیان سەماوەییە.
"سەماوەی هەژار"
لە شارێکی وەک سەماوە، کەم ماڵ هەیە قوربانیەکی نەدابێت لە ریزی هێزە ئەمنییەکان، کەچی رێژەی هەژاری لەسەدا 52ـه، بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
لە شەو و رۆژێکدا لەسەماوە، تەنها چوار کاتژمێر کارەبا هەیە، زۆربەی خەڵکەکەی رووخساریان ماندووە و بەدەست بێ کارییەوە دەناڵێنن، رێژەی بێکاری گەیشتووەتە سەدا 60 لەنێو گەنجانی شارەکە. بەیانییەکی زوو بوو کە گەیشتینە نێو بازاڕی شارەکە، ئەوێ سەنتەری شارهكهیه، بیانایەکی کۆنی سەردەمی بەعس بینای پارێزگای شارەکە بوو، لەهەموو شارەکە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان نەبوو جێگەی بایەخ بێت، ئەو خەڵکەی منیان دەبینی، بەدڵخۆشیەوە دەیانگوت هاتووین بۆ هەولێر، زۆر سەرسام بووین بەو پێشکەوتن و رێگهوبانهی دروستكراون، هەرگیز لەگەڵ شارەکانی ئێمە بەراورد ناکرێت.
موسلیم مەیاحی، گەنجێکی قەڵەوی رەشتاڵە بوو، ئێمەی بینی و زانی کوردین، لێمان نزیکبووەوه و حەزی کرد قسەمان لەگەڵدا بکات، گوتی:"ئێوە کوردن؟ گوتمان بەڵێ، وتی؛ سوێند بەخوا لە شانزەی ئۆکتوبەری 2017، کە کەرکووك کەوتە ژێر کۆنترۆڵمان، من لەناو کەرکووك بووم، خۆم لە فیرقەی نۆی سوپای عێراقم بەهاوڕێیەکانم وت: با چی دیکە خەڵکی ئەم شارە چاوەڕێی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی نەکەن، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێمە تەنها دەزانن دزی بکەن و تێکی بدەن".
لە هەموو ئەو شارانەی عێراق کە بینیمن، قسەی پیاوێکی بەتەمەنی ریش سپی بوو لە هەمووان زیاتر سەرنجی راکێشام، ئهو جلێکی رەشی لەبەردا و بوو، گوتی؛ من لە کەناڵەکانی خۆمان هەندێک پەرلەمانتاری ئێوە دەبینم دەڵێن، با بێنەوە سەر عێراق، ئایە شتی وا هەیە؟ ئەمە راستە نوێنەری کوردن ئەمانەن؟ منیش گوتم بەڵێ!
ئهو پیاوه، به روواڵهتییهوه دیاربوو كهسێكی پڕ ئهزموون و سهرناسه، گوتی: "باشە تۆ ئێستا بهسرهت بینی چۆن بوو، منیش گوتم بهڵێ، گوتی باشە ئێمە شیعەمەزهەبین و رۆڵەی ئەم دەسەڵاتەین، زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی عێراقیش لەنێو ئەو گەڕەکانە گەورەبوون کە تۆ ئاماژهت پێكردن، ئینجا ئەمە حاڵی خزمەتگوزاری و کارەبا و شەقامهكانی ئێمهن، ئەی ئەگەر ئێوە كه كوردن بێنە سەر عێراق و چاوتان لەدەستی ئەو بەرپرسانە بێت، دەبێت چ حاڵێکتان هەبێت؟".