كچه‌كه‌ی ره‌فسه‌نجانی: ده‌ستوه‌ردانی ئێران له سووریا كوژرانی 500 هه‌زار كه‌سی به‌دواوه بوو
K24- هه‌ولێر:
فائیزه ره‌فسه‌نجانی، كچی هاشمی ره‌فسنجانیی سه‌رۆكی كۆچكردووی ئێران گوتی: "ده‌ستوه‌ردانی ئێران له كاروباری ناوخۆی سووریا، كوژرانی 500 هه‌زار كه‌سی به‌دواوه بوو"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، باوكی ئه‌و، به‌رهه‌ڵستی به‌شداریكردنی ئێرانی له جه‌نگی سووریا ده‌كرد.
كچه‌كه‌ی ره‌فسه‌نجانی ئاشكراشیكرد، باوكی، ئه‌وكات سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران بوو (دوای كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی ئێران)، به‌رهه‌ڵستی به‌شداریكردنی ئێرانی ده‌كرد له جه‌نگی سووریادا و هه‌ر له سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه‌وه ئه‌مه‌ی به قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران راگه‌یاندبوو.
ئه‌م گوتانه‌ی فائیزه ره‌فسه‌نجانی، له میانه‌ی دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له‌گه‌ڵ پێگه‌ی "ئه‌نساف نیوز"ـی چاكسازی هاتوون و گوتی: "به‌ر له‌وه‌ی سوله‌یمانی بچێته سووریا، راوێژی به باوكم كردبوو، باوكیشم پێی گوت: نه‌چی".
هه‌روه‌ها گوتی: "له ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانیدا، له هیچ كه‌سێكه‌وه گوێبیست نابین باس له‌وه بكات، كه سوله‌یمانی چی كردووه، به‌ڵام باوكم كه‌سێكی ژیر و دووربین بوو، ئامۆژگاری ئه‌وی كرد، نه‌چێت بۆ سووریا و ئه‌وكات باوكم راستی گوت و ئامۆژگارییه‌كه‌ی له‌جێی خۆی بوو".
فائیزه ره‌فسه‌نجانی، كه پێشتر په‌رله‌مانتاری وڵاته‌كه‌ی بوو، پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد: "كرده‌وه‌كانی قاسم سوله‌یمانی و سیاسه‌تی به‌رگریمان چی لێ سه‌وز بوو؟ له بواره‌كانی ئابووری و ئازادی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه چی بۆ ئێمه به‌ده‌ستهێنا"، هه‌روه‌ها گوتی: "سیاسه‌تی به‌رگری هیچ شتێكی بۆ ئێمه نه‌هێشته‌وه، كه شانازی پێوه بكه‌ین!".
كچه‌كه‌ی ره‌فسه‌نجانی ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ئێران له ناوچه‌كه گرت و گوتی: "ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێران بووه هۆی ئه‌وه‌ی دۆسته‌كانمان له‌ده‌ست بده‌ین، ئێستا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌مان وه‌ك سیاسه‌تی ناوخۆی وڵاته‌كه‌مان وایه و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی پشتیوان و لایه‌نگران بوونه‌ته ره‌خنه‌گر و ره‌خنه‌گرانیش بوونه‌ته به‌رهه‌ڵستكار".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش، كچه‌كه‌ی ره‌فسه‌نجانی گوتی: "ئه‌و هیواخواز بوو جارێكی دیكه دۆناڵد تره‌مپ ببێته‌وه به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بۆ ئه‌وه‌ی فشار له رژێمی تاران بكات سیاسه‌ته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به گه‌لی ئێران بگۆڕێت، كه ئه‌سته‌مه ئه‌مه له‌سه‌رده‌می دیموكراتخوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رووبدات، چونكه ئه‌وان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران نه‌رمی زیاتر ده‌نوێنن".
ره‌فسه‌نجانی جه‌ختی كرده‌وه، "هه‌وڵی ئێرانییه‌كان بۆ چاكسازی سه‌ركوتكاری زیاتری لێكه‌وتووه‌ته‌وه" و گوتی: "ئه‌گه‌ر من هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی بام ده‌نگم به تره‌مپ ده‌دا".
ئه‌م لێدوانانه‌ی ره‌فسه‌نجانی كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌تایبه‌ت لای پارێزگاران "موحافیزكاران"ی ئێران و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌كاتێكدا گوێیان به‌و ره‌خنانه نه‌دا، كه ئاراسته‌ی قاسم سوله‌یمانیی كردبوون.
دواتریش موحسین هاشمی ره‌فسه‌نجانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی تاران، داوای له فائیزه‌ی خوشكه‌كه‌ی كرد، داوای لێبوردن بكات و گوتی: "جگه له سه‌پاندنی سزا، كوشتن و سووكایه‌تركردن به ئێران، تره‌مپ هیچی نه‌كردووه" و روو له خوشكه‌كه‌ی گوتی: "له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نووسیوته داوای لێبوردن بكه ناوی باوكت له‌كه‌دار مه‌كه".
له ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ش ره‌خنه‌كانی فائیزه ره‌فسه‌نجانی له قاسم سوله‌یمانی كاردانه‌وه‌ی توندی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چالاكوانێك به ناوی ئیبراهیم سوڵتانیان له تویتێكدا نووسیویه‌تی: "ده‌بوایه فائیزه ره‌فسه‌نجانی بفرۆشینه داعش، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته گه‌وه‌ره‌یه چییه، كه سوله‌یمانی به‌ده‌ستیهێناوه".
فائیزه ره‌فسه‌نجانی، كه‌سایه‌تییه‌كی چاكسازییه و په‌رله‌مانتاری پێشووی ئێرانه، له ساڵی 2011 سزای زیندانیكردنی بۆ ماوه‌ی 6 مانگی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا و بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ موماره‌سه‌ی چالاكی سیاسی، رۆشنبیری و رۆژنامه‌وانیی لێ قه‌ده‌غه كرا، ئه‌مه‌ش به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی له دژی رژێمی ئێران كردووه.
سه‌رچاوه: "روسیا الیوم"
H.B