كوتلهی فهزیله: پڕۆژه بودجهی ساڵی 2021 وهك بۆمب دهتهقێتهوه
K24- بهغدا:
پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 کە پەرلەمانی عێراق ھێشتا تەنھا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردووە، زۆرترین مشتومڕی بە دوای خۆیدا ھێناوە، لیژنەی دارایی بۆ ئەو مەبەستە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتیکە، کە سەرجەم رەخنە و تێبینەیەکانی تێدا کۆبکاتەوە، سەرۆکی کوتلەی فەزیلە دەلێت: پڕۆژە بودجەی 2021 وەك بۆمبێکە و دەتەقێتەوە، چونکە زیادەڕۆیی زۆری تێدا کراوە و رێگا نادەین بەو شێوەیە پەسەند بکرێت.
له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ كوردستان24، جەمال محهمهداوی، سەرۆکی کوتلەی فەزیلە دووپاتیكردهوه، "خهرجییهكانی ئهم بودجهیه دەتەقنەوە، چونکە زیادەڕۆیی زۆری تێداکراوە، کۆی خەرجیەکان گەشتوونهتە 164 ترلیۆن دینار، بەراورد بە ساڵی پار خەرجی راستەقینە تەنھا 72 ترلیۆن دینار بوو، بۆیە نابێت ئەو بودجەیە بەو شێوە تێپەڕێت، کە نازانرێت خەرجیەکانی بۆ چ مەبەستێکە و روون نیە، ھەروەھا چەندین ماددەی ترسناکی تێدایە، كه دەبێت ھەموار بکرێنەوە".
ھەرچی لە بارەی پشکی ھەرێمی کوردستانیشە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021، كه به رێژهی 12.67% جێگیرکراوە، لە بەرامبەر رادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50%ی داهاتی دەروازە سنوورەیەکان، ھاوکات مووچەی پێشمەرگە، کە بڕەکەی 68 ملیار دیناری مانگانەیە و لە وەزارەتی بەرگرییەوە خراوەتە سەر پشکی ھەرێم، ئیخلاس دلێمی، ئهندامی لیژنهی دارایی له ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دهڵێت: مەترسی لە سەر پشكی ھەرێم ھەیە و بەشێك لە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە مووچە و بودجەی ھەرێم بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار دەھێنن.
لە رەشنووسی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 خەرجی بە 164 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، کورتھێنانەکەشی لە 71 ترلیۆن دینار نزیك دەبێتەوە، ھەروەھا ھیچ پلە دامەزراندێکی نوێی بۆ دەرچووان تێدا دیاری نەکراوە، پەرلەمانی عێراقیش لە ھەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی کورتھێنان و لابردنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، راگرتنی ھاوسەنگی لە پشکی پارێزگاكان و وەزارەتەکان و جێگیرکردنی ئەو دەرچووانەی کە بە گرێبەست و مامۆستای خۆبەخش و کرێی رۆژانە لە فەرمانگە و قوتابخانەکان دەوام دەکەن.
H.B