خاوەن قەرزەکانی سلێمان هه‌ڵشۆیی روو له‌ دادگا ده‌كه‌ن

"رێگەچارەیەك نەدۆزرێتەوە كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان زیاتر ده‌بن"
kurdistan24.net

K24 - قەڵادزێ

لە قەڵادزێ ئەو خەڵکانەی پارەیان لەلای سلێمان هەڵشۆییە چوونە بەردەم دادگا و داوایان کرد دۆسیه‌ی قەرزەکانیان لەسەر سلێمان هەڵشۆیی بەیاسا چارەسەر بکرێت.

خاوەن قەرزەکان بەکوردستان24یان راگەیاند، لێکەوتەکانی ئەو مامەڵەیە کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە و خەریکە تەشەنە دەستێنێ. بەڕێوه‌بەری ناحیەی سەنگەسەریش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "پێشتر دووجار ئەو شوێنانەمان داخستووە کە ئەو مامەڵەی لێدەکرا، بەڵام هاووڵاتییان دەچوون دوور لە چاوی حکومەت لە ماڵ و باخ و شوێنە تایبەتەکان مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی دەکرد".

سێ هەفتە بەسەر دەستگیر کردنی سلێمان هەڵشۆیی و هاوڕێکانی و مایەپوچبوونیاندا تێپەڕێت، هێشتا لە بازاڕ و هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی سنووری پشدەر، گەرمترین باس، باسوخواسی مامەڵەکەی سلێمان هەڵشۆییە. سەرەتاکانی کێشە خێزانی و کێشەی کۆمەڵایەتی بەهۆی ئەو جۆرە مامەڵەیەوە خەریکە دەردەکەون . پیاو هەیه خێزانەکەی تەڵاق داوە و ژنیش هەیە بە پیاوەکەی وتووە نەگەڕێتەوە ماڵ تا پارەکە وەردەگرێتەوە . گرفتی گەورەش ئەوانەن بوونەتە کەفیلی سلێمان هەڵشۆیی.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای پشدەر بەناوی رەسوڵ بە كوردستان24ی گوت: "پیاوی وا ھەیە خانووی لە مامەڵەكردن لەگەڵ سلێمان ھەڵشۆیی دۆڕاندووە و ژنەكەی ئاگادار نەبووە، ژن ھەیە زێڕەكەی بۆ ئەو مامەڵەیە فرۆشتووە و پیاوەكەی ئاگادار نەبووە بەو ھۆیەوە ئێستا لێك جیابوونەتەوە".

گوتیشی: "ئەگەر ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت، ئەوا كێشەی گەورەتری بەدوادا دێت بە دوور نازانم خوێن رشتنی لێبكەوێتەوە".

زۆرن ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە، لە هەفتەی یەکەمی مایەپوچبوونیدا زیاتر لە هەزار کەس سەردانی پۆلیسیان کردووە، تا سکاڵا تۆماربکەن.

نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری ناحیەی سەنگەسەر بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەرەتای ئەو سەرھەڵدانی ئەو مامەڵەیە لە ناوچە دەزگا ئەمنییەكانمان راسپارد لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن، سلێمان ھەڵشۆیی بانگ كرا و ئەو شوێنەیان لێ قەدەغەكردن كە مامەڵەیان تێدا دەكرد، بەڵام بەداخەوە ھاووڵاتییان بێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كەیسەكە بكەن و بەرچاو روونییان ھەبێت، بۆ مامەڵەكردن بردویانەتە ماڵی خۆیان و ناو باخەكانیان بێ ئاگاداری حكومەت ئەو مامەڵەیان كردووە، دواتر دەركەوت كە ھیچ بەڵگەیەكی یاسایی لە مامەڵەكەدا نەبووە".

هەر سلێمان هەڵشۆیی نییە پۆلیس دەستگیری کردووە، 27 کەسی تر کە هاوبەشن لەگەڵی یان مامەڵەیان لەگەڵ کردووە لە پۆلیس دەستگیر کراون .نوێنەری خاوەن قەرزەكان لە زیندان سەردانی سلێمان هەڵشۆییان کردووه، ئەوان دەڵێن سلێمان پێی گوتوون ئەو بە تەنها نییە، بەشێکی پاره و سامانەکەی شەریکەکانی لێی سودمەند بوون.