حكومەتی ھەرێم ھەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران دەكاتەوە

ھیوا ئەفەندی: ھەژماری بانكی بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 ھەزار مووچەخۆر دەكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەچوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، یەكێك لە بڕیارەكان دروستكردنی ھەژماری بانكییە بۆ فەرمانبەران و بڕیارەكەش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 لەوبارەوە ھیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە كوردستان 24ی راگەیاند: "بەپێی ماددەی 13 لە یاسای چاكسازی لە بڕگەی یەك و دوو، تێیدا حكومەت پابەند دەكات بە كردنەوەی ھەژماری بانكی بۆ ھەموو مووچەخۆرێك".

روونیكردەوە: "ھەژماری بانكی بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 ھەزار مووچەخۆری حكومەت دروست دەكرێت، تەنھا فەرمانبەر نا بەڵكو ھەموو مووچەخۆران دەگرێتەوە، لە سەرەتا بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە دواتر مووچەخۆرانی دیكە، پرۆسەكە تاوەكو نزیكەی چوار مانگی دیكە دەخایەنێت".

ھیوا ئەفەندی، راشیگەیاند: "حكومەتی ھەرێم ناسنامەیەكی دیجیتاڵی بۆ فەرمانبەران دروست دەكات، دەبێتە بنەمای ھەژماری بانكی و زۆر خزمەتگوزاری دیكە، ئەمەش ھەم ئاسانكارییە بۆ خەڵك ھەمیش بۆ حكومەت".