حەشدی شەعبی دیمۆگرافیای شنگال دەگۆڕێت

"ھەوڵ دەدرێت رێگە لە گەڕانەوەی یەكجارەكی خەڵكی بگیرێت"
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

حەشدی شەعبی دەستیكردووە بە گۆڕینی دیمۆگرافیای شنگال و دەوروبەری، بۆ ئەوەش پارەیەكی زۆر دەبەخشێتەوە لەپێناو بردنی زەوی خەڵك. راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان رایگەیاند، پیلانێكی مەترسیدار لەسەر خاكی شنگال ھەیە و ئامانج لێی ئەوەیە خەڵكی نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر موڵك و ماڵی خۆیان.

رەشۆ عەلی، خەڵكی شنگالە بە كوردستان24ی گوت: "شنگال وێران بووە، بۆیە پێویستە لەبری رێگەگرتن لە گەڕانەوەی خەڵك و گۆڕینی دیمۆگرافیا، پێویستە ھاوكاری خەڵك بكرێت و شنگال ئاوەدان بكرێتەوە".

ھاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی شنگال بەناوی خەلەف حوسێن، دەڵێ: "ئێمە قبووڵ ناكەی خەڵكێك لە شوێنی دیكە بێت و زەوی شنگال بكڕێت، ئێمە ماڵمان وێران بووە و شەھیدمان داون لەسەر ئەم خاكە ناكرێت خەڵكی بیانی بھێرێت و زەوی شنگالی پێ بفرۆشرێت".

چەندین ساڵە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵەكانی خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ شنگال بگەڕێتەوە و خەڵك بچێتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان.

شێخ شامۆ، راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدیان بە كوردستان24ی راگەیاند: "چاوەڕێی ئەوە بووین شیعەكانیش لەوە تێبگەن چی بەسەر خەڵكی شنگال ھاتووە، بەڵام ئەوەی ئێستا ھەستی پێدەكەین دەیانەوێت چارەنووسی شنگال بەرەو تونێلێكی تاریك ببەن، ئێستا ترسی ئەوە لای خەڵكی شنگال دروستبووە كە خاكی شنگال لە چنگی ئەوان نەمێنێ و بدرێتە خەڵكی دیكە".

سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی بنوسرێت بە كوردستان24ی راگەیاند، فرۆشتن و دەستبەسەردا گرتنی موڵكی شنگالیان دەستیپێكردووە و ھەندێك لایەنی سیاسیش پشتیوانی لەو ھەوڵە دەكەن.