ئێران ره‌تی ده‌كاته‌وه پشكنه‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌ربكات
K24 - هه‌ولێر:
تاران ره‌تی كرده‌وه، نیازی ده‌ركردنی پشكنه‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی له (21)ی مانگی داهاتوو هه‌بێت، ئه‌گه‌ر سزاكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵنه‌گیرێن، كه (2) رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی ئێران لێدوانێكی له‌و باره‌یه‌وه دابوو.
به‌هرۆز كه‌مالوه‌ندی، گوته‌بێژی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران گوتی: "به‌پێی یاسای په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر سزاكان له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵنه‌گیرێن، تاران پرۆتۆكۆڵی زیادكراو راده‌گرێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه پشكنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رده‌كرێن".
كه‌مالوه‌ندی گوتیشی: "كاری پشكنه‌رانی نێوده‌ڵه‌تی له‌چه‌ند ئاستێكه‌وه‌یه، یه‌كێكیان به گوێره‌ی رێككه‌وتنی پارێزییه، ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به‌پێی پرۆتۆكۆڵی زیادكراوه، كاتێك كاره‌كانی پرۆتۆكۆڵی زیادكراو ده‌وه‌ستێت؛ ته‌نیا كاره‌كانی پشكنینی تایبه‌ت به‌م پرۆتۆكۆڵه ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام كاره‌كانی پشكنین به‌پێی رێككه‌وتنی پارێزی به‌رده‌وام ده‌بێت".
گوته‌بێژه‌كه روونیكرده‌وه، رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، له رووی ته‌كنیكییه‌وه، یاسای په‌رله‌مان به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ده‌كات، جه‌ختیشی كرده‌وه، به رێژه‌ی (20%) ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم كراوه و ئامێری سه‌نته‌رفیوچ له جۆری (IR2M) به‌كارهاتووه، ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌تۆمیش له‌مه ئاگادار كراوه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د فه‌راهانی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئێران، (9ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021) رایگه‌یاند، پشکنەرانی نێودەوڵەتی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌رده‌كه‌ین و پرۆتۆکۆڵی زیادكراو راده‌گرین، ئه‌گه‌ر تا (21ی شوبات) سزاکانی سەر ئێران لانه‌برێت.
سه‌رچاوه: RT
د.ی