"توركیا به‌ره‌و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت"

ئاوی ده‌ریا دزه‌ی كردووه‌ته‌ بناغه‌ی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی
شاری مێرسین له‌ وڵاتی توركیا
شاری مێرسین له‌ وڵاتی توركیا

K24- هه‌ولێر:

عه‌لی ماهر به‌شاریر، په‌رله‌مانتاری ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئاشكرایكرد، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ دوو جار بناغه‌ی كۆنكریتی پڕۆژه‌ی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی توركیا هه‌ژاوه‌‌، كه‌ له‌ شاری مێرسینی كه‌ناراوی درووست ده‌كرێت و به‌هاكه‌ی ده‌گاته‌ 20 ملیار دۆلار.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی گه‌لی كۆماری له‌ تۆڕی تویته‌ر كه‌ چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی دوای هه‌ژانه‌كه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ دیمه‌نه‌كانیدا ئه‌و درزانه‌ نیشان ده‌درێن، كه‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ له‌ بناغه‌كه‌ درووست بوونه‌، گوتی: ده‌ڵاندن له‌ ئاوی ده‌ریای ناوه‌ڕاست بۆ بناغه‌ی وێستگه‌كه‌ روویداوه‌، كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی حكومیی وزه‌ی ئه‌تۆمی رووسی "رووساتۆم"ـه‌وه‌ دروست ده‌كرێت.

به‌شاریر هۆشداری دایه‌ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بوه‌ستێنن‌ و گوتی: "هێشتا كاتی ئه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ كه‌ چاكسازی له‌ بناغه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه‌دا بكرێت".

له‌ ساڵی 2018 ـه‌وه‌ ده‌ست به‌ دروستكردنی وێستگه‌ی ئه‌كۆیو بۆ وزه‌ كراوه‌، كه‌ بڕیاره‌ ببێته‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی ئه‌تۆمی له‌ توركیا و له‌ ساڵی 2023 هاوكات له‌گه‌ڵ 100 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری توركیا به‌كار بخرێت.

به‌ڵام ئه‌ندازیاران و كرێكاران هۆشدارییان له‌باره‌ی ئه‌و وه‌سفه‌ داوه‌، كه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ ده‌ستپێكردنی دروستكردنی ئه‌و بنكه‌یه‌، رۆژنامه‌ی "ئه‌حوالی توركی"به‌ "كاره‌ساتێكی ئه‌تۆمی پێشبینیكراو" ناوی بردووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی ناحكومی داواكارییه‌كی یاساییان بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگا كردووه‌.

چاپی ئینگلیزی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌سه‌ر زاری به‌شاریر بڵاویكرده‌وه‌، "كاره‌ساتێك له‌سه‌ر بناغه‌یه‌ك بونیاد ده‌نرێت، كه‌ دوو جار به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌وه‌ هه‌ژاوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "وڵاته‌كه‌مان به‌ره‌و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی تێدا نییه‌، چونكه‌ ئه‌كۆیۆ ده‌كه‌وێته‌ چه‌قی ناوچه‌ی بومه‌له‌رزه‌وه‌ و ته‌واوی بناغه‌ی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئاو دروستكراوه‌ و ئه‌گه‌ر دوای دروستكردنی ئه‌و وێستگه‌یه‌، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك رووبدات، ده‌ریای سپی و شاری مێرسینیش رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌".

له‌ساڵی 2010 هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و رووسیا رێككه‌وتنێكیان بۆ دروستكردنی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی واژوو كرد و ساڵی 2018 به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ دانرا.

ئه‌و وێستگه‌یه‌ 4 یه‌كه‌ له‌خۆ ده‌گرێت و پێشبینی ده‌كرێت، ساڵانه‌ نزیكه‌ی 35 ملیار كیلۆ وات له‌ كاتژمێرێكدا به‌رهه‌م بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێژه‌ی 10%ی پێداویستی توركیا بۆ كاره‌با دابین بكات.

H.B