پرسی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌ڤه‌ری سۆران تاووتوێ ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
شاندێكی پەرلەمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان، سەردانی قەزاكانی سۆران و رواندزیان كرد و پرسی ئیدارەی سەربەخۆیان بۆ دەڤەرەكە تاووتوێ كرد.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بە كوردستان24ی راگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ قائیمقامەكانی سۆران و رواندز كردووە، بۆ پرسی ئیدارەی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بكرێت.
هێمن هه‌ورامی، به‌یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، له‌فراكسیۆنه جیاوازه‌كان سه‌ردانی سۆرانی كرد و له‌گه‌ڵ قایمقامی سۆران و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكان و به‌رپرسانی ئیداری قه‌زاكه كۆبوونه‌وه، دواتریش له رواندز چاویان بە قائیمقام و به‌رپرسانی ئیداری قه‌زاكه كەوت.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لە بارەی ئامانجی سەردانەكەی گوتی: "سه‌رنج ده‌ده‌ین بزانین پرسی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له ناوچه‌كه به‌چی گه‌یشتووه، رای قائیمقامه‌كان بزانین، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كانی تایبه‌تمه‌ند، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پارێزگای هه‌ولێر بكه‌ین، تا هیمه‌تێكی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت، خاڵی سه‌ره‌كی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌تكردن و دروستكردنی متمانه‌یه‌كی به‌هێزه بۆ هاووڵاتیانی كوردستان".
سەردانی ئەو شاندەی په‌رله‌مان و قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی به‌ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، كه خواستی چه‌ندین ساڵه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌یه، ئاماژه‌یه بۆ گرنگی ده‌ڤه‌ره‌كه و زۆری ژماره‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه.
حه‌سیبه گه‌ردی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "بڕیارمانداوه، كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له رووی ئیداری و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی نیانه، بگه‌یه‌نینه حكومه‌ت، بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان زیاتر بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه شۆڕبكرێنه‌وه، تا ناچار نه‌بن به‌رده‌وام سه‌ردانی پارێزگا بكه‌ن".
به‌گوێره‌ی ئاماری ئیداره‌ی ناوچه‌كه، رێژه‌ی دانیشتووان گه‌یشتووەته نزیكه‌ی (350) هه‌زار كه‌س، كه له سنووری هه‌ر چوار قه‌زای سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆر، له‌گه‌ڵ (13) ناحیه و ژماره‌یه‌كی زۆری گوند و ئاوایی نیشته‌جێن، گۆڕینی قه‌زای سۆران بۆ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ خواستی چه‌ندین ساڵه‌ی دانیشتووانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه.
د.ی