لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرزی باج درێژده‌كرێته‌وه‌

"حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی خەڵك ئەم بڕیارەی داوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرزی باج تا کۆتایی ئەم مانگە درێژده‌كاته‌وه‌، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێت بە ھاووڵاتییان بۆ ئەوه‌ی ئه‌و قەرزەی لەسەریانە بەبێ زیادە خستنە سەر بیدەنەوە. بەڕێوه‌بەری گشتی باجی ھەرێمیش دەڵێت، درێژكردنەوەكە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت بەتایبەت ئەو کەسانەی دۆخی دارایان سنووردارە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرزی باج تا 31ی کانونی دووەم درێژ کردەوە، بۆ ئەوەی  ھەر ھاوڵاتییەک پێویستی بە کات بێت، بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی لەسەریێتى  سوودی لێوەربگرێت.

د. كەمال وەرتی، بەڕێوه‌بەری گشتی باج و دەرامەت و خانووبەرەی میری بە كوردستان24ی گوت: "ئەو بڕیارە لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت بوو، بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی ھاووڵاتییان سوكبكرێت، چونكە ئێمە دەزانین خەڵكێكی زۆر لە ماوەی رابردوو بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە باج بدەن".

ئابووریناسان و شارەزایانی باج  پێیان وایە، قەیرانی دارايی و ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر داھاتی ھاووڵاتیان، بۆیە بڕیارێكی وا دراوە. دانەوەی ئەو قەرزەی لەسەر ھاووڵاتییانە بە برواى ئابووريناسان خەزێنەی حکومەت دەبووژێنێتەوە، بەڵام حکومەتی ھەرێم نایەوێت باری سەرشانی ھاووڵاتییان قورس بکات.

لەوبارەوە ئەرشەد تەھا، ئابووریناس بە كوردستان24ی گوت: "حكومەتی ھەرێم لەم دۆخەدا دەیەوێت ھانی خەڵك بدات ئەو باجەی كە لەسەریان بیدەن، ئێستا حكومەت لە بەرژەوەندی خەڵك كاتەكەی درێژ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ھەر كەسێك فریا نەكەوتووە لە ماوەی رابردوو ئێستا بچێت باجەكەی بدات".

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوبەرایەتی باج تۆمار کراوە، بە دەیان ھەزار دۆلار قەرزی حکومەت لای ھاووڵاتییانە، تا ئێستا بڕێکی کەم لە و قەرزه گەڕێنراوەتەوە خەزێنەى حکومەت و بەشێکی ھاووڵاتیانیش خۆیان لە دانەوەی باج دەدزنەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەبەر خراپی دۆخی دارایی دەیەوێت ئاسانکاری زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکات، لە دانەوەی ئەو قەرزەى لەسەریانە.