بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێدەكاتەوە

"بەرزكردنەوەی پلەی ژمارەیەك لە ئەفسەران چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێدەكاتەوە، لیستی ساڵی 2017 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لیستی ئەفسەرانی سێ ساڵی دیكەش بە مەبەستی بەرزكردنەوە ئامادە دەكرێت و رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت.

لیوا باسل محەمەد، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو ئەفسەرانە لە ساڵی 2017 دەبوایە پلەكانیان بەرز كرابایەوە، بەڵام بەھۆی دۆخی نالەبار و قەیرانی دارایی دواكەوتبوو، ئێستا وەك وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارماندا بەرزكردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

گوتیشی: "بۆ ئەم بابەتە سەرۆكی حكومەت خۆی لەسەر خەت بوو، دوای ئەوەی لیستی ناوی ئەفسەرەكان نێردرایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران توانرا ھەموو ئەفسەرەكان ئەو پلەیە بەدەست بێنن كە داوایان كردبوو".

جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، روونیكردەوە: "لیستی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانمان لە ساڵانی 2018 و 2019 و 2020 ئامادە كردووە، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەین لەوێشەوە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بە مەبەستی پەسندكردنی بەرزكردنەوەی پلەكانیان".

لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا: "پێنج لیژنەی سەرەكی بە سەرۆكایەتی وەزیری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكھێنراون كە بریتین لە لیژنەی پاسەوانی، لیژنەی رێكخستنەوەی ژمێریاری، لیژنەی میلاكات، لیژنەی كەمئەندامان و لیستی شەھیدان، ئێستا ھەموو لیژنەكان دەستیان بەكار كردووە".

دوێنێش 11/1/2021 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لەو ئەفسەرانە كرد كە پلەیان بەرز دەكرێتەوە و گوتی: "ئەمڕۆ بەرزكردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانە بە شایستەی خۆیان گەیشتە وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەمەش ئەركی ئەوان قورستر دەكات".