پاشماوەی گیاندارێکی 50 ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەدۆزرێتەوە
K24 - مۆسكۆ
دوای ئەوەی لە قەراغی رووباری تیریختیخ لە باکووری کۆماری یاکوتیای رووسیای فێدراڵ پاشماوەی یەکشاخێکی موودار دۆزرایەوە، زۆرێک لە زیندەوەرناسانی سەرسام کردووە، زانایان پێیان وایە گیاندارەکە 20-50 ھەزار ساڵ لەمەوبەر ژیابێت.
دۆزینەوەی ئەم پاشماوەی زیندەوەرە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەری باکوور لە مانگی ئابی رابردوو بووە، بەڵام ئێستا لەبارەوەیە زانیاری دەخرێتەروو.
یەکشاخەکە بەشێکی جەستەی بەباشی ماوە، لەوانە 4 قاچ و ددان و موی پێست و کەوڵەکەی، ئەم بابەتە زانا و زیندەوەرناسانی سەرسام کردووە، ھەر بۆیە بڕیارە لەم مانگەدا بگوازرێتەوە مۆسکۆ، بۆ ئەوەی زانایان لێکۆڵینەوەی وردتری لەسەر بکەن.
ڤالێری بلۆتینکۆڤ زانای زیندەوەرناسی رووس بە کەناڵی یاکوتیا24ی راگەیاندووە: "پێدەچێت ئەم یەکشاخە موودارە لە کۆتایی قۆناغی بلیستۆسین دا ژیابێت، ئەوەی 11 ھەزار و 700 ساڵ 11700 کۆتایی پێهاتووە.
ئەو زانایە ئەوەشی خستۆتەروو: "بەسەرنجدان لە سوانی ددانەکانی یەکشاخەکە، پێدەچێت ئەو زیندەوەرە ددانەکانی بەکارهێنابێت بۆ کۆکردنەوەی خواردن".
هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لەسەر پاشماوەی گیاندەرەکە کراوە، ئەوە خراوەتە روو ئەم یەکشاخە تەمەنی لە نێوان 3 بۆ 4 ساڵاندا بووە کاتێ خنکاوە.
پێشتریش چەند گیاندارێکی تر لەم ناوچەیە دۆزراونەتەوە، بەڵام وەک زیندەوەرناسانی رووسیا دەڵێن: ھیچ یەکێکیان بارتەقای ئەم یەکشاخە موودارە سەرسامی نەکردوون.