"لە ماوەی 5 رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش دەكرێت"

نزیكەی 500 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە خەزێنەی حكومەت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

جێگری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی چاكسازییەكان، نزیكەی 500 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە خەزێنەی حكومەت. راشیگەیاند "لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدرێت و بڕیاریشە ئەم مانگە لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش بكرێت".

 ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە یاسای چاكسازی زوڵم لە كەس ناكرێت ھەموو خەڵك ھەقی خۆی وەردەگرێت".

روونیكردەوە: "لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران و خانەنشینان بە دوو قۆناغ، نزیكەی 500 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە".

ھێڤیدار ئەحمەد، راشیگەیاند: "یاسای چاكسازی تەنیا بۆ ئێستا نییە، راستە ئێستا دۆخی دارایی خراپە، بەڵام ئەو یاساییە بۆ ھەموو كات دادپەروەری فەراھەم دەكات و مافی كەس ناخورێت".

ئاشكراشی كرد: "لە قۆناغی داھاتوودا كار لەسەر لیستی ئەو كەسانە دەكرێت كە بە پلەی وەزیری خانەنشین كراون ئەوانە دوو بەشن، ھەیانە بەھۆی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، لە بەرامبەر خزمەت و خەباتەكەیان پلەی باڵایان پێدراوە، لەگەڵ ئەوانیش خەڵكی دیكە ئەو پلەیان پێدراوە، ئەو بابەتە دەبێ راستبكرێتەوە، ھەروەھا ئەوانەی كۆشك و تەلاریان ھەیە و مستەشار بوونە دەبێ مووچەكانیان ببڕدرێ".

سەبارەت بە دابەشكردنی وادەی مووچە، گوتی: "لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدرێت، بڕیارە لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش بكرێت. بەپێی زانیارییەكانی من حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوێت یان نا، مانگانە مووچە بەپێی داھاتی بەردەست دابەش دەكات".