بەشیر حەداد: بۆچوونێک لەنێو فراکسیۆنە عەرەبییەکان هەیە ئەمجارە دڵی کورد نەڕەنجێنن

بەشیر حەداد: بۆچوونێک لەنێو فراکسیۆنە عەرەبییەکان هەیە ئەمجارە دڵی کورد نەڕەنجێنن
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و، خوێندنەوەی دووەم بەردەوامە بۆ وەرگرتنی راو و بۆچوونی لیژنەکان، ئەندامانی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان، لەم نێوەندەدا کورد لە هەوڵی کۆدەنگییە و، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێ "بۆچوونێک لەنێو فراکسیۆنە عەرەبییەکاندا هەیە؛ ئەمجارە دڵی کورد نەڕەنجێنن".

بەشیر حەداد جێگری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغداوە بەشداری گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـی کرد سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە و هەڵوێستی کورد و هەنگاوەکانی بۆ زامنکردنی مافەکانی کورد لە پرۆژەیاساکەدا.

بەشیر حەداد رایگەیاند "فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە هەوڵی ئەوەداین هەماهەنگییەک دروستبکەین بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ ئەو پڕۆژەیاسایەدا بکەین، وەک چۆن لە پڕۆژەیاسای قەرز هەموومان بەیەکەوە هاوڕا و هەماهەنگ بووین، بۆ ئەو مەبەستە چاومان بە هەندێک لە فراکسیۆنەکان کەوتووە و بڕیار وایە بەم نزیکانە لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کۆببینەوە بۆ رێکخستنی بۆچوونەکانمان و وەرگرتنی راو و بۆچوونی هەموو فراکسیۆنەکان".

"مەرج نییە یەکڕا بین، بەڵام گرنگە کۆدەنگ بین"

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "بۆ ئەوەی تووشی شۆک نەبین، پێویستە چەند پلانێکمان هەبێت، بۆ نموونە پلانی ئەی، بی و سی. ئەگەر پلانێک سەری نەگرت، پلانێکی دیکە جێبەجێبکەین. مەرج نییە هەموومان یەک را بین، بەڵام گرنگە بە کۆدەنگی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان بکەین لە بودجەدا".

"بەشی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە خراپ نییە"

پرۆژەیاسای بودجەی عێراق کە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکراوە، دوای ئەوەی ناردرایە ئەنجوومەنی نوێنەران، رۆژی شەممە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەشیر حەداد لەبارەی بەشی کورد لەو پرۆژەیاسایە دەڵێ "بەو شێوازەی ئێستا لە بڕگەکانی پرۆژەیاسای بودجە هاتووە، ئەوانەی پەیوەستن بە بەشی هەرێمی کوردستان خراپ نییە، ئەگەر بتوانین بەو شێوەیەی هاتووە تێیبپەڕێنین بێ ئەوەی گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بۆ ئێمە دەستکەوتێکی باش دەبێت، هەرچەندە تێبینیمان هەیە لەسەر کۆی پرۆژەیاساکە بەوەی کە خەرجییەکانی زۆرە و کورتهێنانیشی زۆرە".

هەوڵدان بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی شیعە و سوننە

بەشیر حەداد باسی ئەوە دەکات لە هەوڵدان لەگەڵ فراکسیۆنە شیعە و سوننـە عەرەبییەکانیش هەماهەنگی دروست بکەن، چونکە وەک خۆی دەڵێ "تەنیا بە ئێمە ناکرێت. بۆ ئەو مەبەستە دەستمان بە گفتوگۆکردن و چاوپێکەوتن کردووە لەگەڵ فراکسیۆنە عەرەبییەکان، هەر بۆ نموونە دوێنێ شاندێکی فراکسیۆنی سائیروون بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەردانی ئێمەیان کرد و ئێمەش بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵیان کۆبووینەوە و بڕیارە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی کوردستانیش دابنیشین بۆ ئەوەی بە هەموولایەک بتوانین بە زۆرینە، ئەو پرۆژەیاسایە تێبپەڕێنین و گرفتێک دروست نەبێت".

"هەستمان بە نزیکبوونەوەی فراکسیۆنە عێراقییەکان کردووە"

جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەخت دەکاتەوە لەوەی "هەستمان بە جۆرێک لە نزیکبوونەوە کردووە، دوای ئەوەی (پەرلەمانتارانی عێراق) یاسای قەرزیان بەبێ کورد تێپەڕاند، ئێستا هەست بەوە دەکەن، دڵی کوردیان رەنجاندووە و (دەیانەوێت) ئەمە دووبارە نەبێتەوە، چونکە دووبارەبوونەوەی مەترسییەک دەخاتە سەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بۆیە ئێستا بۆچوونێک لەنێو فراکسیۆنەکانی دیکە هەیە، کە ئەمجارە دڵی کورد نەڕەنجێنن و هەوڵبدەن بەیەکەوە کارەکە بکەن".

"هەتا ئێستا گەرەنتی نییە بەغدا بەتەواوەتی بەشی هەرێم بدات"

حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە پابەندە بە هەموو ئەو ئەرکە دەستوورییانەی لەسەرییەتی لە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، بەڵام وەک بەشیر حەداد دەڵێ "تائێستا گەرەنتییەک نییە، کە ئەگەر هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ بکات، چ لە نەوت و چ داهاتی نانەوتی، بەغدا بەشی هەرێم بەتەواوەتی بدات".

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و بەفەرمی پابەندبوونی خۆی بە پێدانی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان راگەیاند، کەچی بەغدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2020 نەدا، هەروەها پێشتریش لە مانگەکانی 5، 6 و 7 بەشی هەرێمی کوردستانی نەداوە، بۆیە بە گوتەی بەشیر حەداد "نەبوونی ئەو متمانەیە، کێشەکەی قوڵ کردووەتەوە".

لایەنی کوردی لە بەغدا لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ لایەنی شیعە بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئەوە دەخەنە سەر مێزی گفتوگۆ "ئایا ئێوە دەتوانن گەرەنتی بکەن ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند بوو، حکومەتی بەغداش پابەند بێت؟" بە ناردنی تەواوی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.

پرسی خەرجییەکان

لایەنە کوردییەکان و عێراقییەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە خەرجییەکان لە پرۆژەبودجەی 2021 زۆرن، بەشیر حەداد باس لەوە دەکات "من، پێموایە بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری لە ژمارەکان دەکرێت، هەوڵێکی زۆر هەیە، ژمارەکان، بەتایبەتی خەرجییەکان کەمبکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت داهات زیاد بکرێت. ئەگەر عێراق دەستیکردبا بە کەمکردنەوە و نەهێشتنی گەندەڵی، پێویستی بەوە نەبوو ئەو خەرجییانە زیاد بکات و، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار داببەزێنێت، ئەگەر بەراوردێکیش بکەین لەنێوان خەرجی فیعلیی ساڵانی 2019 و 2020، ئەم خەرجییە زۆر زۆرە، بۆیە دەکرێت لەسەر هەمان خەرجی ئەو ساڵانە کەمبکرێتەوە، بەمەش کورتهێنانی بودجەی 2021 کەمدەبێتەوە".

لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ـی عێراق

لە 21ـی کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا پەسەند کرد، دواتر ناردییە پەرلەمانی عێراق.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پێدانی پابەندییە نەوتی و نانەوتییەکان، لەبەرامبەریشدا پێویستە هەموو شایستە داراییەکانی بدرێت.

بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 وەك لە پڕۆژەیاساكە دیاریكراوە 164 ترلیۆن دینارە، كە دەكاتە 103 ملیار دۆلار و، بڕی كورتھێنان لە بودجەدا 71 ترلیۆن دینارە.