رووداوەکەی کاپیتۆڵ ئەمهریکای هەژاند، بەڵام نەیڕوخاند
رووداوی هەڵکوتانە سەر کاپیتۆڵ لەلایەن لایهنگرانی سەرۆک ترهمپ، لە شەشی ئەم مانگەدا دیموکراسی و سەروەری ئەمهریکای هەژاند، بەڵام جارێکیتر ئەم رووداوە سەلماندی ئەمهریکا وڵاتێکی مەزنە و پایەکانی گەلێک لەوە قایم ترن رووداوێکی وا بتوانێ بیڕۆخێنێ، دۆناڵد ترهمپ لەمێژە بیری لە سەرشێتیەکی وا کردۆتەوە ئەگەر دەرنەچێتەوە، چونکە بەرلە دەسپێکردنی هەڵبژاردن هەر زوو باسی لە تەزویر دەکرد، ئەمەش وەک ڕێ خۆشکردنێک بۆ کارێکی لەم جۆرە.
هەروەها بەر لە پێنج هەفتە پێش هەڵبژاردن، ئیمی کیونی بارێتی وەک ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵی دانا کە دادوەرێکی لە خۆی نزیکە، هەروەها لە هەموو دادگاکان نزیکەی سەت و پەنجا دادوەری لەوانەی خاوەن ئاراستەی فکری پارێزگارەکان دامەزراندوون بەو هیوایەی لە کاتی دۆڕاندنیدا تانە یاساییەکانی لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن قبوڵ بکرێن، واتە ترهمپ پێشبینی دۆڕاندنی خۆی کردبوو، بۆیە ئەم سیناریۆیانەی لە مێژە داناون، بەڵام ئەوەی ئەمهریکای بەگەورەیی هێشتەوە، هەڵوێستی ئەو دادوەرانە بوو کە هەموویان تانەکانی دۆناڵد ترهمپیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەت کردەوە و ویژدانی خۆیان بۆ ترهمپ نەگۆڕی و بێلایەنی خۆیان پاراست و پارێزگاریان لەو سوێندە کرد کە دەبێت پابەندبن بە دەستووری وڵاتەوە.
هەروەها سەرۆک ئەڕکانی سوپا جەنەڕاڵ مارک میلی رایگەیاند سوپا جگە لە پابەندبوون بە دەستوورە هیچ پابەندییەکی تری نەبە کەسەوەو نە بە حزبەوەو نەبە تائیفە و قەبیلەوە نییە، گوتی: ئێمە پارێزگاری لە دەستوور دەکەین، بۆیە ئیدی ترهمپ کەوت و هەموو ژەمارەکانیشی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان داخران، بەمەش گەلی ئەمهریکا بۆ هەموو جیهانیان سەلماند کە ئەمهریکا وڵاتی دامەزراوەکانە، نەک سەرۆکەکان، بۆیە وڵاتێکی وا نەک هەر ناکەوێت و لاواز نابێ، بەڵکو گەورە و بەهێزتر دەبێت، دڵنیاشم دوای ئەو رووداوە ئەمهریکا لەبەرچاوی جیهان گەورەتر بوو.