رۆژنامەنووسێکی کوردستان24 خەڵاتێکی رۆژنامەوانیی دەباتەوە

دیار جەمال پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی
دیار جەمال پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی

K24- سلێمانی:

دیار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، لە دوای ئامادەکردنی نیوزفیچەرێک لەسەر رەوشی خەڵکانی بێلانە لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ، خەڵاتێکی رۆژنامەوانیی پێبەخشرا.

ساڵانە ئەو پێشبڕکێ رۆژنامەوانییە کە رێکخراوی ''ned'' ئەمەریکی و رادیۆی دەنگ رێکی دەخەن، خەڵات دەداتە ئەو رۆژنامەنووسانەی لە کارەکانیان ئاوڕ لە مافی مرۆڤ دەدەنەوە. لەپێنجەم ساڵی پێشبڕکێکە، خەڵاتی باشترین کاری رۆژنامەوانی درایە دیار جەمال کە نیوزفیچەرێکی بەشداری پێشبڕکێکەی کردبوو.
لەپێشبڕکێکە رۆژنامەنوسانی 23 دەزگای بینراو و نوسراو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریان کردبوو، رۆژنامەنووسەکەی کوردستان24 توانی ببێتە براوە خەڵاتەکە.

دیار جەمال لە نیوزفیچەرەکەی، باسی لە رەوشی خەڵکانی بێ لانە لەماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە. هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو چینەی کۆمەڵگا نیشان دەدات و لە نزیکەوە باس لە ئازار و برسێتی ئەو کەسانە دەکات کە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ، ژیانیان بە تەواوەتی سەختبوو بوو.