کارەبای کەرکووک بۆ شارەکانی ناوەڕاستی عێراق دەچێت و خۆشی بێ كارەبایە

دانیشتووانی کەرکووک: رۆژانە چوار بۆ پێنج کاتژمێر کارەبای نیشتمانیمان هەیە
كەركوك
كەركوك

K24 - كەركووك

رۆژانە لە کەرکووک هاووڵاتیان چوار تاکو پێنج کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیان هەیە، خراپ بوونی کارەبای نیشتمانی ماوەی سێ ساڵ زیاترە و لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی شارەکە بەردەوامە، لەگەڵ خراپی کارەبای نیشتمانی نرخی یەک ئەمپێری کارەبای موەلیدەی ئەهیلیش گەیشتووەتە 10 هەزار دینار، لە كاتێكدا بەشێکی زۆری کارەبای کەرکووک بۆ شارەکانی ناوەڕاستی عێراق دەڕوات و بەشێکی دیکەشی بەشێوەی 24 کاتژمێری دراوە بەو هێزە ئەمنیانەی کە ئێستا لە شارەکە جێگیرکراون.

عومەر ساڵەیی، ھاووڵاتییەكی بە تەمەنی شاری كەركووكە ئەو دەڵێ: "كارەبا لە كەركووك زۆر كەمبووەتەوە و دۆخەكە ناخۆشە، شەوان شار تاریكستانە".

ھاووڵاتییەكی دیكەی كوردی دانیشتووی كەركووك بەناوی جەبار شوانی دەڵێ: "ئەمساڵ كارەبا لەوپەڕی خراپیە، پار لە ئەمساڵ باشتر بوو، تا دێ كاتەكانی پێدانی كارەبا لە كەركووك ھەر كەمدەبێتەوە".

بەھۆی بێومێدبوونیان لە باشبوونی كارەبای نیشتمانی بەشێك لە ھاووڵاتییانی دانیشتووی كەركووك پەنایان دروستكردنی كارەبا بردووە بە وزەی خۆر. وەستا فەلاح سەقزلی، وەیەرمەنە و کار لەبەستی ئامێرێکی ئامێری بەرھەمھێنانی كارەبا بە وزەی خۆر دەكات، ئەو بە كوردستان24ی گوت: "خەڵكی كەركووك ھەندێك جار زیاتر لە شەش كاتژمێر بێ كارەبان، بۆیە خەڵك دەیەوێت كارەبای وزەی خۆر بكات بە جێگرەوەی كارەبای نیشتمانی".