"وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانكاری لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەكات"

گۆڕانكارییەكان لەپێناو خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییانە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەرێمی كوردستان جەختیكردەوە، وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانكاری لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەكات.

لە رێوڕەسمی گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆستی ئیدارەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە قەزای سۆران، لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانكاری لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەكات، لەپێناو جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و چالاككردنی دامەزراوەكان و خزمەتكردنی ھاووڵاتییان.

راشیگەیاند: "پێشتر رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكەمەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە كە گۆڕانكاری لە سەرجەم پۆستەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت، ھەر لە بنكەی پۆلیسەوە تا بەڕێوەبەرایەتی گشتی، ئێستا گۆڕانكارییەكان دەستیپێكردووە و بەردەوام دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەرێمی كوردستان، سوپاسی ھەموو ئەو بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی كرد كە لە دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ خزمەتیان كردووە.

لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دەڤەری سۆران، گۆڕانكاری لە چەند پۆستكی وەزارەتی ناوخۆی دەڤەری سۆران كرا.