له‌ په‌رله‌مانی عێراق گورزێكی دیكه‌ش له‌ كوردانی كه‌ركووك ده‌وه‌شێنرێت

جارێكی دیكه‌ كورد فه‌رامۆش كرا
ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

لە رەشنووسی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 لە کۆی سەرجەم شارەکانی عێراق، پارێزگای کەرکووك كه‌مترین پشكی به‌ركه‌وتووه‌، کە برەکەی 114 ملیار دینارە، لەو بڕە پارەیەش 70 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزای حەویجە تەرخانکراوە، بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەرانی کەرکووك بە نوسراوێك داوای زیادکردنی ئەو پشکانە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: داوای رونکردنەوەمان لە وەزارەتی دارایی کردووە، ھاوکات لە سەر ئاستی عێراق دیسانەوە کەرکووك کەمترین پشکی له‌ بودجه‌ی گەشەپێدانی ھەرێمەکان و وەبەرھێنان بەرکەوتووە.

هه‌روه‌ها گوتی: تووشی شۆك بووین، کاتێك کە بینیمان لە کۆی سەرجەم شارەکانی عێراق تەنھا کەرکووك ھیچ پشکێکی له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی ساڵی 2021 بۆ تەرخان نەکراوە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئەو مەبەستە داوا لە وەزارەتی دارایی عێراقیش کراوە روونکردنەوە بدات.

جگە لە پشکی گشتی بۆ پارێزگای کەرکووك کە ھیچ بڕێکی بۆ دیاری نەکراوە، ھاوکات لە پشکی گەشەپێدانی ھەرێمەکان، دەرماڵە، وەبەرھێنان و بەشەکانی دیکەی بوودجە، لە سەر ئاستی عێراق کەرکووك کەمترین بڕە پارەی بۆ دانراوە، جه‌مال شوكر، نوێنه‌ری كه‌ركووك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد: نوێنەرانی کوردی کەرکووك نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کردووە، بۆ ئه‌وه‌ی ئەو بڕە پارە زیاد بکەن و زیاتریش بخرێتە خزمەتی پاککردنەوەی کەرکووك لە زبڵ و خۆڵ و خاشاك.

بە گوێره‌ی زانیارەکانی کوردستان24، لە کۆی ئەو 114 ملیار دینارەی له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 بۆ کەرکووك تەخرانکراوە، له‌سەر داوای نوێنەره‌ عەرەبەکانی کەرکووك 70 ملیار دیناری بۆ قەزای حەویجە و سنوورەکانی دیاریکراوە، بە بیانوی ئاوەدانکردنەوەی ئەو قەزایە، ئەمەش جارێکی دیكه‌ بۆ فەرامۆشکردنی ناو سەنتەری شاری کەرکووك و گەرەکە کوردنشینەکانە.

H.B