سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆل گەندەڵی بەرپرسانی حزبی ئەردۆغان ئاشكرا دەكات

35 دۆسیەی پێشكەشكردووە لەبارەی سەرپێچییەكانی ماوەی ئیدارەی حزبی ئەردۆغان بۆ شارەوانی ئیستانبۆڵ
سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆل، ئەكەرەم ئیمام ئۆغلو
سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆل، ئەكەرەم ئیمام ئۆغلو

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆل، ئەكەرەم ئیمام ئۆغلو، ئەمڕۆ چوارشەممە، 35 دۆسیەی پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆ كرد لەبارەی ئەو سەرپێچییانەی كراون لە ماوەی ئیدارەی حزبی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ شارەوانی ئیستانبۆڵ

ئۆغلو لە پارتی گەلی كۆمارییە، كە بەرھەڵستكاری سەرەكیی حزبی ئەردۆغانە گوتی: دەستەی پشكنینی سەر بە شارەوانی، كاری لەسەر 40 دۆسیەی گەندەڵی دەكرد، كە پەیوەست بوون بەو مامەڵە و پڕۆژانەی ئەنجامدراون لەو ماوەیەی شارەوانی ئیستانبۆل لە ژێر ئیدارەی پارتی داد وگەشەپێدانی حوكمڕان بووە.

سكاڵا دژ بە گەورە بەرپرسان

لە كاتێكدا، كاری پێشكەشكردنی دۆسیەكان بە دادگا بە كردەیی دەستپێكراوە، بەرپرسانی شارەوانی سكاڵایان دژ بە ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسان پێشكەشكرد، لەوانەش وەزیری ژێرخان و گواستنەوە، عادل قەرەئیسماعیل ئۆغلو، كە ئەو كات جێگری ئەمینداری گشتی شاراوەنییەكە بووە.

لە 29ی كانوونی یەكەمی رابردوو، سێ لە پشكێنەرانی شارەوانی داوای پێشكەشكردنی دوسیەكانی گەندەڵییان كرد، لەسەر بنەمای ئەم داواكارییە، شارەوانی 35 دسیەی پێشكەشكرد، لە نێوان 40 لەو دوسیەیانەی مەزندە دەكرێت، گومانی گەندەڵیان لەسەر بێت لە لایەن ھەردوو بەرپرسی پێشووی شارەوانییەكە.

بەپێی رۆژنامەی سۆزجو، پێش گەیشتنی پشكێنەرەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی پشكنینی سەر بە شارەوانی دەستیكرد بە رێوشوێنە یاساییەكان، بەڵام نەیتوانی رەزامەندی پێویست لە نووسینگەی والی ئیستانبۆل بەدەست بێنێت.