ئێمه ئێوه‌مان خۆشده‌وێت، چونکه زۆر تایبه‌تن
به‌شێک له سیاسیی و نووسه‌رانی ئێمه، هه‌میشه ڕووی ده‌میان له هاووڵاتییانه و پێیانده‌ڵێن، که ئێمه ئێوه‌مان زۆر خۆشده‌وێت، چونکه ئێوه زۆر تایبه‌تن. ئه‌م به‌شه وا ده‌رده‌که‌ون، که هه‌میشه له خه‌می ژیانی هاووڵاتییاندان. به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان پێیانوایه، که چونکه له سۆسیال میدیادا ناویان له‌سه‌ر لیستی هاوڕێیان هه‌یه، له لیستی ئه‌مجۆره سیاسیی و نووسه‌رانه‌دا، ئیتر ڕاسته‌وخۆ هاوڕێی گیانیی به گیانیی کاکی سیاسیی و نووسه‌رن. لێ کاکی سیاسیی و نووسه‌ر ئه‌م عه‌شامه به هاوسۆسیال میدکاری خۆی ده‌زانێت، نه‌ک هاوڕێ. ده‌شێت له سۆسیال میدیادا سمایلێکی دڵ و گوڵیان بۆ بنێرێت، لێ ئه‌گه‌ر له شوێنێکدا یه‌کێکیان ببینێت، هه‌ر نه‌شزانێت کێیه.
له گرته ڤیدیۆیه‌کیدا دۆناڵد تره‌مپ، که له تویته‌ر له ڕێککه‌وتی 06.01.2021دا بڵاوی کردبۆوه، داوا له هه‌وادارانی ده‌کات، که کاپیتۆڵ به‌جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه. تره‌مپ به ده‌ردی ئه‌ردۆغان له نێوانی ساڵانی 2014-2016 دا ڕۆیشتووه. هیچ کات به‌قه‌د ئه‌م دوو ساڵه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به ئه‌درۆغان نه‌کراوه. شیعره‌که‌ی یان بوومه‌رمان (Jan Böhmermann) میدیاکاری ئه‌ڵمانیا گه‌وره‌تریین هه‌رای چ میدیایی و چ سیاسیی نایه‌وه. کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی، که ئه‌ردۆغان داوا له ئه‌نگێلا مێرکل بکات، که "یان" بدرێت به دادگا، ته‌نانه‌ت له تورکیاشدا دادگایی بکرێت. له‌م شیعره‌دا یان به‌شێوه‌یه‌ک هه‌جووی ئه‌ردۆغان ده‌کات، که ده‌شێت ئه‌گه‌ر شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانیی بیخوێنێته‌وه شه‌رم دایبگرێت.
هه‌نووکه تره‌مپ به‌م ئاخرو ئۆخرییه‌ی کۆتایی ده‌سته‌ڵاتییه‌وه، ده‌یه‌وێت جیهان بخاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی، هیچ نه‌بێت به‌قه‌د نیوه‌ی ئه‌ردۆغانی پێبکه‌ن. هیچ میدیایه‌کیش وه‌ک میدیای ئه‌ڵمانیا ده‌ستڕه‌نگین نییه بۆ ئه‌م کاره. هاکا یان بوومه‌رمانێکی تر هه‌جوویه‌کی نوێی له‌سه‌ر تره‌مپ نووسی. که‌ناڵی تێلێڤیزیۆنی تسێت دی ئێفی ئه‌ڵمانیی (zdf) به ته‌وسه‌وه ده‌ڵێ، تره‌مپ خۆپیشانده‌ران ده‌نێرێته‌وه ماڵه‌وه و پێیانده‌ڵێ، که تره‌مپ ئه‌وانی خۆشده‌وێت و ئه‌وان زۆر تایبه‌تن. به‌ڵام بۆ ئێمه دیار نییه، که تایبه‌تمه‌ندیی خۆپیشانده‌ران، هه‌وادارانی تره‌مپ له چیدایه؟ بێئه‌قڵی تایبه‌تن، بێئه‌قڵی ناکۆمه‌ڵایه‌تیین (Asocial)، یان مه‌ترسیی تایبه‌تن؟ ده‌بینین لێره‌دا، که تێلێڤیزیۆنی تسێت دی ئێف، یه‌ک وشه‌ی پۆزه‌تیڤی بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی تره‌مپ به‌کارنه‌هێناوه. ئه‌م گێره‌شێوێنییه پیشانیدا، که تره‌مپ نوێنه‌ری کێیه. پیشانیدا، که ئه‌مێریکا تره‌مپ و هه‌وادارانی نییه.
ئێمه به‌رده‌وام له زار و نووسیینی به‌شێک له نووسه‌رانی کورد و سیاسیی کورده‌وه گوێمان لێده‌بێت و ده‌یخوێنینه‌وه، که ئه‌وا ئه‌و خه‌ڵکه‌یان خۆشده‌وێت، چونکه زۆر تایبه‌تن. به‌تایبه‌ت له‌و ئاژاوانه‌دا، که ناوده‌نرێت خۆپشاندان، له‌و تووندوتیژیانه‌دا، که ناوده‌نرێت خۆپیشاندان. له سووتاندنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌تاوه‌کوو دوا ئاژاوه‌ی کۆتایی ساڵی 2020، به‌ڵام دیسان ئێمه نازانین تایبه‌تمه‌ندێتیی ئه‌مانه له چیاندایه، تایبه‌ت بێ ئه‌قڵ، تایبه‌ت ئه‌نتی سۆسیال، تایبه‌ت ئه‌سۆسیال ....هتد.
له ئێستاشدا پازده ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئێراق، که خۆیان به هیوا ده‌زانن، لێ نازانین هیوای چی؟ هیوای داعش، هیوای حه‌شد، هیوای به‌عس، هیوای ئێراق ....هتد. ئه‌مانه خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ن، که یان بوومه‌رمانێک ئاوڕیان لێبداته‌وه. ده‌ششێت ئازادیی میدیا له باشووردا نه‌ک بوونی نه‌بێت، به‌ڵکوو پێی شه‌رم بێت هاوشێوه تێکستێکی بوومه‌رمان بڵاوبکاته‌وه، هه‌ربۆیه سنور بۆ خۆی داده‌نێت و ئه‌و سنوره نابه‌زێنێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ ئه‌م گرووپی پازده‌یه شیاوی هه‌جوون یاخوود ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێداون؟ به ته‌نها ئه‌م گرووپی پازده‌یه تاوانبارن یاخوود ده‌نگده‌رانیش هه‌مانشێوه؟ دیاره ئه‌مه سیستێمێکی کاوسالانه‌یه، واتا، ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر نه‌بوایه، ئه‌مانه‌ش له به‌غداددا نه‌ده‌بوونه نوێنه‌ری کورد. گرووپی پازده له به‌غداد پیشانمان ده‌ده‌ن، که ئه‌وان نوێنه‌ری کێن، پیشانمانده‌ده‌ن، که باشووری کوردستان واتای ئه‌م پازده که‌سه نییه. ماوه‌ته‌وه بڵێم:
پازده قه‌ل و داڵ
پازده ڕووی ڕه‌شی هه‌واڵ،
پازده کووته‌ک و داری ده‌ستی حه‌شد و په‌رله‌مانێکی زاڵ،
پازده په‌ڵه‌ی نێوچه‌وانی مێژوو
پازده کوردی له ڕێگا ڕۆچوو،
له به‌یانییه‌کی ته‌م تووماویی پاییزدا
له هه‌ناوی ڕه‌شی ئێراقدا،
پازده په‌رله‌مانتاری کورد
وه‌ک پازده ته‌وری ده‌ستی ئه‌بوو ته‌بڕه
سه‌وز و مۆر، درشت و ورد
بۆ مامۆستایانی سلێمانیی بوون به حوجره،
پازده که‌ڵبه‌ی نووک تیژکراو
به خۆیان و مێزه‌ره نادیاره‌کانیانه‌وه
له به‌یانییه‌کی پاییزدا، دێنه به‌ر تیشکی هه‌تاو
له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا گۆرانیی ڕمانی هه‌رێم ده‌ڵێنه‌وه،
پازده سیسرکه‌که‌چه‌ڵه
له ده‌ستی سه‌رکرده‌کانی حه‌شددا، بۆ کورد بوون به فاقه و ته‌ڵه،
پازده شه‌رمه‌زاریی
پازده په‌ڵه‌ی ڕه‌شی کورده‌واریی
له‌گه‌ڵ تۆز و خۆڵی باشووری ئێراقه‌وه
به ڕێگاوه‌ن بۆ به‌ر ده‌رکی سه‌رای سلێمانیی،
منیش لێره‌وه پێمخۆشه هه‌ر بۆ مێژوو
بۆ منداڵانی ئاینده، بیان که‌م به ئه‌سپی گه‌مه و یاریی،
تێبینیی: ئه‌م هۆنراوه‌یه له 02.12.2020 دا نووسراوه، له سه‌ره‌تای ئاژاوه‌کانی سلێمانییدا.