سناپچات بۆ هەمیشە ترەمپی بلۆک کرد

گەورە سۆشیاڵ میدیاکان رێکاری تووند لەدژی سەرۆکی ئەمەریکا دەگرنەبەر بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی بەکارهێنان
author_image هەڵات رێبوار
سناپچات بووە دووەم سۆشیاڵ میدیا، ترەمپ بەتەواوی بلۆک بکات
سناپچات بووە دووەم سۆشیاڵ میدیا، ترەمپ بەتەواوی بلۆک بکات

K24 - هەولێر

تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچات رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەمیشە لە بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بلۆک کرا.

لە بەیاننامەیەکدا گوتەبێژی سناپچات درەنگانی دوێنێ (چوارشەممە، 13-1-2021) رایگەیاند "هەفتەی رابردوو رامانگەیاند گومانمان هەیە لە سناپچاتی سەرۆک ترەمپ، خەریکی هەڵسەنگاندن بووین بۆ ئەوەی بزانین چ هەنگاوێک لە بەرژەوەندیی بەکارهێنەرانی سناپچات بگرینەبەر".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەبەرژەوەندیی سەلامەتیی گشتی، هەروەها بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە و توندوتیژی، کە روونە پێشێلکردنی مەرجەکانی بەکارهێنانە، بڕیاریمان دا بۆ هەمیشە کۆتایی بە ئەکاونتەکەی دۆناڵد ترەمپ بهێنین".

لە دوای رووداوەکانی هەفتەی رابردوو، کاتێک لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، کە بەهۆیەوە توندوتیژی و شەڕ روویدا و پێنج کەس کوژران، سۆشیاڵ میدیاکان لەهەوڵدابوون پۆستەکانی ترەمپ سنووردار بکەن، یان بەتەواوەتی بیانسڕنەوە.

هەفتەی رابردوو، فەیسبووک رایگەیاند رێگە نادات لە ئەکاونتەکەی دۆناڵد ترەمپەوە پۆست بکرێت، تاوەکو ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت "رەنگە بۆ هەمیشەش دایبخات".

تویتەر، دڵخوازترین سۆشیاڵ میدیا بوو بەلایەنی ترەمپەوە و رۆژانە بەردەوام توویتی دەکرد و رای خۆی لەسەر هەموو بابەتەکان بێ سانسۆر لەوێ بڵاودەکردەوە، یەکەم سۆشیاڵ میدیا بوو بەتەواوی ئەکاونەتەکەی سەرۆکی سڕییەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەکاونەتەکەی یەکێک بوو لە 10 چالاکترین ئەکاونتەکانی تویتەر.

یووتیوبیش رایگەیاندبوو بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە کەناڵەکەی رادەگرێت، رەنگە بڕیارەکەی درێژیش بکاتەوە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی بەکارهێنان.