چاکسازی و ئاستەنگەکانی

Kurd24

خواستی چاکسازی و سنووردانان بۆ گەندەڵی و نەهێشتنی لە چەند ساڵی رابردوو لە هەموو سەکۆ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ئەوەندەی دەربارە گوتراوە تا بۆتە خاڵێک کە هەموو خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کۆک کردوە لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک کە دەرئەنجامەکەی لە پەڕلەمانی کوردستان بە نوێنەرایەتی هەموو لایەک یاسایەک بڕیاری لێدرا، ئێستا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ تیمەکەی و بە پاڵپشتی خەڵکی کوردستان دەستیان کردووە بە تەرجومەکردنی ئەو یاسایە لە گوتارێکی گشتی میللی و لە دەقێکی یاسایی بۆ واقعێک کە دەرئەنجامەکەی بە باشە بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەی باسمان کردن رێگای بەردەم جێبەجێکردنی ئەو یاسایە گوڵڕێژ نیە بەڵکو ئاستەنگ و کۆسپی بۆ دروست دەکرێن.ئاستەنگەکان لە دوو ئاست دا دەبن:

یەکەمیان، خۆی لە پەرچەکرداری ئەو کەسانە دەبینێتەوە کە لە جؽبەجێکردنی ئەو یاسایە زەرەرمەند دەبن و ئەو پارە مفت و بەلاشەی مانگانە لە رێگای گەندەڵی و دزی لە پارەی میللەت دەچووە گیرفان نامێنێ و ئەوانە شەڕی ئەوە دەکەن.دووەمیان،ئەو حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەبن بەبێ لێهەڵاواردن (ئیستیسنا) بەڵام هەریەکە و بەرێژەیەک،پارتیەکەی سەرۆک وەزیران کە خۆی تێیدا ئەندامی مەکتەب سیاسیە و یەکێکە لە سێکوچکەی ناوەندی بڕیاری ئەو حیزبە بۆیە چاوەڕوان دەکرێ پەرچەکرداریان لەبەرامبەر دەستپێکردنی پڕۆسەی چاکسازی بە ئاراستەی پاڵپشتیکردن بێت نەک پێچەوانەکەی، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە رێژەی سەت لە سەت نابێ، ئەو لێکدانەوەیە رەنگە بۆ جێگری سەرۆک وەزیران رێک وەکو خۆی دایبڕێژینەوە، چونکە پێکهاتەی حیزبەکەی و ناوەندی بریاردان تێیدا هەمان شێوە نییە، سەرباری ئەوەش کاک قوباد یەکێک نییە لەو کەسانەی لەناو یەکێتی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدا بەڵکو دەبێ چاوی لە بڕیاری كه‌سانی دیكه‌ بێت،  کە نە بە سەرکەوتنی حکومەت و نە بەسەرکەوتنی کاک قوبادیش، وەک کەسێتی، خۆشحاڵ نین، بۆیە لەوێوە چاوەڕوان ده‌كرێت پەرچەکردارەکان لە بەرامبەر جێبەجێکردنی یاسای چاسازی توند بن، ئەگەر دۆخی کاک قوباد و تیمی یەکێتی لە ناو حکومەت بە رەوشی تیمی هاوبەشی سێیەمی حکومەت کە بزووتنەوەی گۆڕانە به‌راورد بکەین، ئەوە دەبی ئیرەیی بە دۆخی باشی تیمی یەکێتی ببەین، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان وەک چۆن لەناو پەڕلەمان دابەش دوو بووە، لەوە دەچێ لە گردەکەش هەمان دۆخ بێت و سەرکردایەتیەکەی کۆنتڕۆلی بەسەر هەموو ئۆڕگانەکانی لەدەست دابێ و هەندێکیان نەک حیساب بۆ بڕیارەکانی سەرکردایەتیان نەکەن بگرە دژایەتیشیان بکەن وەک ئەندامانی فڕاکسیۆنەکەیان لە بەغدا.

سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و تێکڕای تیمی حکومەت کە تا ئێستا باشیان هێناوە و بە یەک دەستی و یەک باوەڕی رووبەڕووی ئەو قۆناغە سەخت و هەستیارە بوونەتەوە و خەریکە باری لاسەنگی سیاسی و ئابووری کوردستان راست دەکەنەوە، بۆ ئێستا هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنەوەی و گەڕاندنەوەی پێگەی شایستەی خۆی وەک قەوارەیەکی دەستووری و بۆ خەڵکەکەی پێویستە لە جاران زیاتر هەموویان وێکڕا شان بدەنە بەر ئەو ئەرک و کارە قورسە و کوردستان ببەنە قۆناغێکی دیکە کە تێیدا دادپەروەری و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بێت نەک بۆ هەندێک.