ململانێی تره‌مپ و پیلۆسی!

Kurd24

ململانێی نێوان سەرۆکی ئەمه‌ریکا (دۆناڵد تره‌مپ) و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (نانسی پیلۆسی) هەر لە سەرتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی (2016)ەوە دەستی پێکرد، ئەگەرچی تا ڕادەیەک لە چوارچێوەی (وڵاتێکی دیموکراسی) وەک ئەمه‌ریکادا ئەم جۆرە ململانێیە ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هیچ کات ململانێکان نەگەیشتوونەتە (ئاستی کەسی) وەک ئەوەی نێوان تره‌مپ و پیلۆسی، بە جۆرێک ململانێکان هەموو سنوورێکیان بەزاند و پەڕینەوە بۆ ململانێی (خۆپیشاندانی توندوتیژ) و هێرشکردنە سەر کۆنگرێس، ئەمەش پێشهاتێکی ترسناک بوو لەلایەن تره‌مپەوە بۆ سەر کۆنگرێس و دیموکراسیەتی ئەمه‌ریکا، بەجۆرێک پیلۆسی هەستی بە شکانی شکۆی کۆنگرێس کرد، بۆیە لە ئێستادا پیلۆسی هەموو هەوڵێک دەدات تاکو شکۆی کۆنگرێس بگێڕێتەوە و تره‌مپیش بکات بە پەند و عیبرەتی زەمانە!

ئەم ململانێیانە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی (تره‌مپ)ەوە بە جۆرێک تەشەنەی سەند کەوا پیلۆسی (تره‌مپ)ی بە سەرۆکێکی تاکڕەو و نەشارەزا و نا شایستە بۆ کۆشکی سپی لەقەڵەمدا، بۆیە لە چوار ساڵی رابردوودا بە هەموو شێوەیەکی (دەستووری و یاسایی رێگەپێدراو)  دژایەتی تره‌مپی کرد، بە جۆرێک ململانێکان گەیشتنە ئەو ئاستەی لە کاتی وتاری ساڵانەی تره‌مپ لە کۆنگرێس، پشتی لە (نانسی پیلۆسی) کرد و تەوقەی لەگەڵ نەکرد، لە بەرامبەریشدا (پیلۆسی) وتارەکەی تره‌مپی دڕاند، ئەم کار و کاردانەوانەش بە نێگەتیڤ لەقەڵەم دران و دەنگدانەوەیەکی خراپی بۆ سەر دیموکراسیەتی ئەمه‌ریکا هەبوو.

لە ئێستادا بە هەوڵی بەردەوامی پیلۆسی (تره‌مپ) دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمه‌ریکا کە دووجار (ئیمپیچ) کرابێت، واتە یەکەمجارە لە مێژووی ئەمه‌ریکادا هەوڵبدرێت دووجار لێپرسینەوە لە سەرۆکێک بکرێت، وەک بینیمان دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا بەزۆرینەی دەنگ (232 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 197 دەنگی نەخێر) بڕیاریدا دووبارە لێپێچینەوە لە دۆناڵد تره‌مپ بکات، بەڵام بۆ ئەوەی بڕیارەکە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت پێویستی بە دەنگی (3/2) ئەندامانی سێنات هەیە، ئەمەش هەرچەندە ئەستەم نییە (چونکە دیموکراتەکان لە سێناتیش زۆرینەن) بەڵام سەختە دیموکراتەکان بتوانن ئەو دەنگە کۆبکەنەوە، بەتایبەت کە لە ئێستادا زۆرینەی ئەندامانی (پارتی کۆماری) پێیان وایە ئەم هەنگاوەی (پیلۆسی و دیموکراتەکان) برینی لێکترازانی شەقامی ئەمه‌ریکا قووڵتر دەکات و ئەگەری توندوتیژی زیاتر دەکات.

ئەم هەنگاوەی پیلۆسی لە کاتێکدایه کەوا تره‌مپ تەنها حەفتەیەکی ماوە لە کۆشکی سپی، بۆیە پیلۆسی شەو و رۆژی خستۆتە سەر یەک تاکو تره‌مپ وەک خراپترین سەرۆکی ئەمه‌ریکا بخاتە ناو مێژوو و لە هەموو دەستکەوتەکانیشی بێبەش بکات، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم کارەی پیلۆسی برینی لێکرازانی شەقامی ئەمه‌ریکی ساڕێژ دەکات یان قووڵتر دەکات؟

 

٭ کـــارۆخ خـــۆشناو

سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمه‌ریکی-کوردی)