بەشی یاسای دیوانی پەرلەمان سکاڵا لەسەر دوو هونەرمەند تۆمار دەکات

بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە پەرلەمان
وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆ کلیپەکە
وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆ کلیپەکە

K24 - هەولێر

بەشی یاسای دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ سکاڵای یاسایی لەسەر دوو هونەرمەند تۆمارکرد بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە پەرلەمان.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ بەشی یاسای دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک، سکاڵای یاسایی لەسەر هونەرمەندان هەڵگورد قەهار و شیرین محەمەد تۆمارکرد، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە پەیجی خۆیان ڤیدیۆییەکیان بڵاوکردبووەوە و، تێیدا سووکایەتیان بە پەرلەمان کردبوو".

لە ڤیدیۆ کلیپێکدا کە لە 2-1-2021 هەڵگورد قەهار لەڕێگەی فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ شیرین محەمەد بە گۆرانیی و راپ رەخنەی تووند لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران دەگرن.

سامان ئەحمەد لە راگەیەندراوێکیشدا گوتی "لێرەوە بەهەموولایەک رادەگەیەنین، هەر سووکایەتی و بێڕێزییەک بەرامبەر پەرلەمان بکرێت، رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر و بێڕێزیکاران رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە، چونکە سووکایەتیکردن بە پەرلەمان، کە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستانە، پێمان وایە بێ رێزییە بەرامبەر هەموو خەڵکی کوردستان".

 

هـ.ر.