گۆڕان بۆ پارتی: دابه‌شبوونی گۆڕان له‌ په‌رله‌مان و درووستكردنی هاوپه‌یمانی هیوا له‌ به‌غدا خواستی ئێمه‌ نییه‌

پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتاییهێنا به گەڕی سەردانەکانی ئەم هەفتەیەی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە.
برزۆ مه‌جید و كاكه‌مین نه‌جاڕ
برزۆ مه‌جید و كاكه‌مین نه‌جاڕ

K24 – هه‌ولێر:

پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتاییهێنا به گەڕی سەردانەکانی ئەم هەفتەیەی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە.

پارتی دوایین رۆژی  هەفتەی، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تەرخانکرد.

کاتژمێر یازدەی بەیانی، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی زەعیم عەلی و ئەندامییەتی کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، عەلی حسین و پشتیوان سادق ئەندامانی سەرکردایەتی، گەیشتە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەهەولێر و لەگەڵ شاندی یەکێتی بەسەرۆکایەتی سەعدی پیرە و ئەندامییەتی سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دارا ڕەشید و سالار سەرحەد ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان وپشتیوانیكردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و درووستکردنی کۆدەنگییەکی سیاسی بەرامبەر بەغدا، بۆ مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەردوولا لەسەر ئەم پرسانە یەکدەنگ بوون، بەڵام کۆبوونەوەکە بێ خاڵی جیاوازیش نەبووە و گفتوگۆیان لەسەرکراوە.

لەکۆبوونەوەکە پارتی و یەکێتی بەشێوەیەکی سەرەتایی رازیبوون بەوەی کورد بە یەک لیست لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا.

پارتی داوای لە یەکێتی کردووە لە پرسە نیشتمانییەکان بەیەکەوە بن و پێکەوە بەرپرسیارەتی ئەم دۆخە لە ئەستۆ بگرن.

دوای نیوەڕۆ، شاندی پارتی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەرەو بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان بەجێهێشت، ئەم جارە کاکەمین نەجاڕ سەرۆکایەتی شاندی پارتی کرد، برزۆ مەجیدیش وەک ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن سەرۆکایەتی شاندی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد، کە پێکهاتبوو لە کەمال موسلیم و هێمن شێخانی و بەختیار عومەر ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی.

پارتی مەبەستی بوو بزانێت رای بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دابەشبوونی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان و درووستكردنی فراكسیۆنی ھیوا لە پەرلەمانی عێراق چییه‌، گۆڕان، پارتی لەوە دڵنیاكردوەوە كە ئەمە خواست و ئاراستەی كاركردنی بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵكو پەرلەمانتارەكانیان لەسەر بڕیاری تاكەكەسی خۆیان بڕیاری لەم شێوەیان داوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھەندێ بارودۆخی تایبەت بە خۆیان.

ھەم پارتی و ھەم بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم خاڵە كۆكبوون كە دەبێ، یاسای چاكسازی وەكو خۆی لەھەموو ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت، پشتگیری بڕیارەكەی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیشیان كرد بۆ درووستكردنی ھێزێكی ھاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و نەھێشتنی دیاردەی قاچاخچەییەتی.

بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكە، گرفتی لەوە نەبوو كە كورد بە یەك لیست بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، بۆ ئەمەش ئامادەكاری پێشوەختەی بە پێویست زانیوە.

ھەردوولاش كۆكبوونە لەسەر ئەوەی بەیەك دەنگ لە پەرلەمانی عێراق پارێزگاری لە  شایستە داراییەكان و تەواوی مافەكانی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بكه‌ن.

پارتی چەند رۆژێكە دەستیكردووە بە سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان بۆ درووستكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و كۆدەنگی سیاسی لەبەرامبەر بەغدا، بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستا لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەتەوە، واشبڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بكات.