خانووی سەرۆكەكانی ئەمەریكا لە شەوی دەستبەكاربوونیان.. چیرۆكی "بلێر ھاوس" بزانە

بە درێژایی چەندین دەیەیە سەرۆكە ھەڵبژێردراوەكانی ئەمەریكا شەوی پێش سوێندخواردنیان لە بلێر ھاوس بەسەردەبەن
بلێر ھاوس
بلێر ھاوس

K24 – ھەولێر:

بەرپرسی ئیدارەی ئەمەریكا جەختیكردەوە لەوەی سەرۆكی ھەڵبژێردراو جۆ بایدن، شەوی دەستبەكاربوونی لە بلێر ھاوس، بارەگای میوانە فەرمییەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بە بانگھێشتی فەرمی، بەسەر دەبات.

بەپێی گوتەبێژێكی وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا، كە سەرپەرشتی موڵكەكە دەكات و دەكەوێتە شەقامی په‌نسلڤانیا لە نزیك كۆشكی سپی، بەپێی رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بایدن قبووڵیكردووە، ئەو رۆژە لەو خانووە مێژووییە بەسەرببات.

بەدرێژایی چەندین دەیە، سەرۆكە ھەڵبژێردراوەكانی ئەمەریكا، شەوی پێش سوێندخواردنیان لە "بلێر ھاوس"یان بەسەربردووە، لەوانیش دۆناڵد ترەمپ.

باوە، رۆژی دەستبەكاربوون، ئەندامانی خێزان و ھاوڕێكانیان لەو بارەگایەدا، پێش مەراسیمی كڵێسە، ژەمی بەیانی دەخۆن و دواتر لە بارەگای كۆشكی سپی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی ماوە بەسەرچوو لەو رۆژەدا ئەنجامدەدرێت.

بەپێی رۆژنامەكە، جیمی كارتەر (سەرۆكی ئەمەریكا لە نێوان 1977-1981) دەستی بەو رێورەسمە كردووە لە بلێر ھاوس، لەو كاتەوە، ھەر سەرۆكێكی نوێ، شەوی دوایی وەك سەرۆكی ھەڵبژێردراو لەو خانووە لە شەقامی په‌نسلڤانیا بەسەردەبات.

لە بەیانیەكەی رۆژی دەستبەكاربوونی، سەرۆكی ھەڵبژێردراو واژوو لەسەر پەڕاوی میوانانی فەرمی دەكات و دوای نیوەڕۆ ئاھەنگی بەخێرھاتنی پێشوازیكردن لە باڵیۆز و دیپلۆماسەكان ده‌كرێت، بەڵام پێناچێت ئەم ساڵ ئەنجامبدرێت بە ھۆی كۆرۆناوە.

ئەو خانووە دێرینە مێژووییە لە ساڵی 1824 درووستكراوە و موڵكی خانەوادەی بلێر بووە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەك.

لە چلەكانی سەدەی رابردوو، سەرۆكی ئەمەریكا، "فرانكلین رۆزفلت"یان قایلكرد، بەوەی ئەو خانووە بكڕێت بۆ بەكارھێنانی وەك خانووی میوانداری بۆ گەورە كەسایەتییەكان، پێشتر سەرۆكی دەوڵەتان لە كۆشكی سپی دەمانەوە.

رۆژنامەكە دەڵێت: ئیلیانور رۆزفلت، فرانكلینی مێردەكەی قایلكرد، كە ئەو نەریتە بگۆڕدرێت، دوای ئەوەی وینستن چەرچل (سەرۆك وەزیرانی شانشینی یەكگرتوو لە نێوان ساڵانی (1940-1945) لە كاتژمێر 3ی بەرەبەیانەوە چووە نێو ژووری ژن و مێردێك و جگه‌رەی بەدەستەوە بوو و كەوتە گفتوگۆكردن.

سەرۆك ھاری ترۆمان، لەمیانی ماوەی نوێكردنەوەی كۆشكی سپی چوار ساڵ لە 1948 تا 1952 لە بلێر ھاوس ژیانی بەسەربردووە.