بایدن داوا دەكات ئەنجوومەنی پیران ئەركی داھاتووی خۆی دەستنیشان بكات

كۆنگرێس دەتوانێت لە نێوان دادگاییكردنی لادانی ترەمپ و پرسە بەپەلەكاندا سەركەوتوو بێت؟
جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا
جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن ئومێدی خواست ئەنجوومەنی پیران بتوانێت كار لەگەڵ ئەركە دەستوورییەكانی خۆیدا بكات لە نێوان دادگایكردنی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ و لە نێوان "ئەو دۆسیەیانە شێلگیرانەن بۆ گەلەكەمان".

بایدن گوتی: "دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر یاداشتنامەی تۆمەتباركردن بە ئامانجی لادانی سەرۆك ترەمپ، كارێكی ھاوبەش بوو لە نێوان ئەندامانی ھەردوو حزبدا و ئەوەیان ئەنجامدا ئەوەی دەستوور و ویژدانیان پێیان راسپاردووە".

بایدن گوتیشی: "ھێرشە تاوانكارییەكەی سەر كۆنگرێس، پلانێكی رێكخراو بوو و توندڕەوانی سیاسی و تیرۆریستەكان ئەنجامیان دا و سەرۆك ترەمپ ھانیانی دا بۆ توندوتیژی".

بایدن ھەڵكوتانە سەر كۆنگرێسی بە "یاخیبوونی چەكداری دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكان" وەسفكرد و داواشیكرد، لێپێچینەوە لەو كەسانە بكرێت ئەوانەی لەو كردەوەیە تێوەگلاون، كە بووەتە ھۆی كوژرانی پێنج كەس و لە نێوانیاندا ئەفسەرێك ھەیە.

وێڕای ئەوەی ترەمپ سەركۆنەی ئەو توندوتیژیەی كرد لە میانی خۆیشاندانەكاندا ھاتەكایەوە و داوای لێپێچینەوەی كرد لەو كەسانەی دەستیان ھەبووە لەو ھەڵكوتانەی سەر كۆنگرێس، بەڵام ھەوڵەكان بۆ لابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی بەردەوامن.

سەرۆكی ئەمەریكا لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆماركراودا، كە رۆژی چوارشەممە رابردوو، ھەژماری كۆشكی سپی لە سەر تویتەر بڵاویكردەوە، جەختیكردەوە لەوەی ھەر كەسێك كاری توندوتیژی دەكات یان دەبێتە ھۆی ئازاردانی ھێزەكانی ئەمنی "رەنگدانەوەی بەھاكانی خۆم و بزووتنەوەكەمان نییە"، بەڵكو "ھێرش دەكەن سەر ئەو و سەر وڵاتەكەمان".

سەرۆكی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران، میچ ماكۆنێل، رۆژی چوارشەممە، دژایەتی خۆی راگەیاند بۆ دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دادگاییكردنی ترەمپ و جەختیكردەوە لەوەی ئەو كارە دادگایەكی "دادپەروەرانە" دابین ناكات و لەو كاتەشدا دەكرێت، كە بێگومان دوای كۆتاییھاتنی دەسەڵاتەكەی ترەمپە و دەستبەكاربوونی ئیدارەی بایدنە لە دەسەڵات.

ماكۆنێل ئاماژەیكرد، رێكارەكانی لابردنی ترەمب، لەوانەیە كار لەو كارە بەراییانەی ئیدارەی داھاتوو بكات، ئەوانەی پلانی جێبەجێكردنیان بە شێوەیەكی بەپەلە بۆ دادەڕێژێت.

ئەنجوومەنی نوێنەران، رازی بوو لە سەر پێشكەشكردنی لیستێكی تۆمەتباركردی ترەمپ بە "ھاندانی توندوتیژی" بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجوومەنی پیران بكرێت.

لایەنگرانی ترەمپ، چوارشەممەی رابردوو ھەڵیانكوتایە سەر بینایەی كۆنگرێس لە واشنتنی پایتەخت، لە میانی خۆپیشاندانەكانیان بۆ كۆسپ خستنە بەردەم دەنگدانی كۆنگرێس لەسەر بردنەوەی بایدن لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.