به‌ سه‌دان حزب و قه‌واره‌ ناوی خۆیان تۆماركردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن

"ھەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی حزب و قەوارەكان شکستی دیموکراسیەتە لەعێراق"
ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بەردەوام مشتومڕی ساختەكاریی لەسەرە
ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بەردەوام مشتومڕی ساختەكاریی لەسەرە

K24 – ھەولێر:

بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ی عێراق  تا ئێستا 433 زیاتر لە 400 حزب ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەكاندا تۆمارکردووە. پێشبینی دەکریت بگاتە نزیکەی 500 حزب و قەوارە. پسپۆرانی سیاسی و کاروباری ھەڵبژاردن دەڵین: ئەم ژمارە زۆرە بۆ عێراق لە ڕووی سیاسی و دیموکراسیەوە كارێكی درووست نییە و شکستی دیموکراسییەت دەگەیه‌نێت.

تا ئێستا 433 حزب ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە، کە بڕیارە 6ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بکرێت و بەگوێرەی پێشبینیەکانیش ئەم ژمارەیە لە 500 حزب و قەوارەی سیاسی نزیک دەبێتەوە.

ئارام جەمال، بەڕێوبەری پەیمانگای کوردی بۆ ھەڵبژاردن گوتی: لەڕووی سیاسییەوە و لە ژیانی دیموکراسیدا و لە وڵاتێکی وەک عێراقدا ھەبوونی ئەم ھەموو حزب و قەوارانە کارێکی تەندرووست نیە.

دەنگدەرانی دەیانەوێت لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی و ئابووریی حزبەکان دەنگ بدەن؛ ناتوانن بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو ھەموو بەرنامە و درووشمانە بکەن و ئینجا لە نێوانیاندا ھەڵبژێرن و دەنگ بدەن.

بەھرۆز جەعفەر، چاودێرێکی سیاسی گوتی: ئەمە شکستی دیموکراسیەتە لەعێراق. 

ھەڵبژاردنەکانی عێراق زۆرترین مشتومڕیان لەسەرە، بە تایبەت لە رووی شێوازی ھەڵبژاردن و پاک و بێگەردی ئەو ھەڵبژاردنانەی لە وڵاتەکە دەکرێن، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووش بەھۆی گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردنەکان بە دوور دەزانرێت، ئەم جارەش ھەڵبژاردنی عێراق دوور بێت لە ساختەکاری و ئەستەمە لەم وڵاتە ھەڵبژاردنێکی پاک ئەنجامبدرێت.