پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە

د. ئەحمەد سەفار: گەورەترین مەترسیی سەر بودجە پڕکردنەوەی کورتهێنانە بە قەرز
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، گەورەترین مەترسی بۆ سەر بودجەی 2021 ئەوەیە حکومەت هەوڵدەدات کورتهێنان لە رێگەی وەرگرتنی قەرز لە بانکە جیهانییەکان پڕ بکاتەوە.

د. ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی چەند هۆکارێکی ناوخۆییەوە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021  لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، یەکێک لە هۆکاری کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکومەت سەرەڕای قەیرانی دارایی بڕی کاڵاکانی بەکاربەر بەرزكردووەتە، کە ئەو بەرزکردنەوەیەش رێژەی کورتهێنانی لە پڕۆژە بودجەدا بە شێوەیەکی مەترسیدا بەرزکردووەتەوە.

هەروەها سەفار دەشڵێت "حکومەت هەوڵدەدات ئەو کورتهێنانە گەورەیە لە رێگەی قەرز پڕ بکاتەوە و وڵات نوقمی قەرز بکات."

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند "ئەگەر رێگە بدرێت ئەو پڕۆژە بودجەیە بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت، ئەوا کارەساتی گەورە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە. پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و خەرجییەکان کەمبکرێنەوە بۆ ئەوەی رێژەی کورتهێنان کەمبێتەوە و رێگە نەدرێت حکومەت کورتهێنانەکان بە قەرز پڕ بکاتەوە".

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 16/1/2021، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، درێژە بە کۆبوونەوەکانی ده‌ربارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بدات و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە تەواو بکات.

چەند رۆژێكە پەرلەمان كۆبوونەوەكان بە كراوەیی دەھێڵێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە دەكات. چاوەڕێش دەكرێت كۆبوونەوەكان لەبارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ زیاتر درێژە بكێشن.