هەزاران خوێندکاری 12ـی ئامادەیی چوونەوە قوتابخانە

هەزاران خوێندکاری 12ـی ئامادەیی چوونەوە قوتابخانەکانیان
خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە قوتابخانەی تریفەی کچان، وێنە؛ رێباز سیان، کوردستان24
خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە قوتابخانەی تریفەی کچان، وێنە؛ رێباز سیان، کوردستان24

K24 - هەولێر

پاش وەستانی پرۆسەی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی چەند مانگێک، ئەمڕۆ خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، چوونەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن.

کرانەوەی هۆڵەکانی خوێندن بەڕووی خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەکاتێکدایە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆبوونەوەی 13-1-2021 بڕیاریدابوو ئەمڕۆ خوێندن لە قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە لە قوتابخانە، خوێندنگەی حکومی و ناحکومییەکان دەستپێبکاتەوە.

بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر: پلانی وەزارەتی پەروەردە جێبەجێ بکرێت، پرۆگرامەکانی خوێندن تەواو دەکرێن

بەشدار عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ چەند قوتابخانەیەکمان بەسەرکردەوە، سەرجەم قوتابخانەکان رێنماییەکانیان جێبەجێکردووە و قوتابییانیان جیاکردووەتەوە تاوەکو کەمترین بەریەککەوتن هەبێت".

سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دەشتی هەولێر تەنیا لە پۆلی 12، نزیکەی 49 هەزار قوتابیی هەیە، کە بەسەر 415 قوتابخانەی ئامادەیی و دواناوەندی دابەشکراون.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوتەی بەشدار عەبدولخالق "لەماوەی رابردوودا پلانێکی تۆکمەی داناوە، بەر لە راگەیاندنی پلانەکە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان و قەزاکان تاوتوێی کردووە لەسەر چۆنییەتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و ئەو رۆژانەی پێویستن بۆ تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن. بەپێی پلانەکەی وەزارەت؛ بۆ هەر وەرزێک زیاتر لە سێ مانگ (دانراوە و بەمەش) پرۆگرامەکە لەکاتی خۆیدا تەواودەبێت ئەگەر پابەند بین و هیچ ئەگەرێکی لەناکاو نەیەتە بەردەممان، قوتابییان دەتوانن وەکو ساڵێکی ئاسایی ئەمساڵ تێبپەڕێنن".

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی: بەشێکی زۆری خوێندکاران روویان لە قوتابخانە کردووە

هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، دەڵێ "لەبەردەم قوتابخانەیەکم (دواناوەندیی رزگاری) و ئەوەندەی بینیم، لەدوای کاتژمێر 08:00ـی بەیانییەوە، بەشێکی زۆری قوتابییەکان هاوشێوەی مامۆستاکان، هاتنە قوتابخانەکە".

هەروەها دەڵێ، بەشێکی زۆری قوتابییەکان و مامۆستاکان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بوون، بە بەستینی ماسک.

لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایان، مامۆستایان تەنها ئەو کاتانە لە قوتابخانە دەبن، کە وانەیان هەیە، پاش گوتنەوەی وانەکانیان، پابەند ناکرێن بە مانەوە لە قوتابخانە.

رانیە؛ "تاکێکی خۆپارێز، قوتابخانەیەکی تەندروست لە کۆتاییدا خوێندنێکی سەرکەوتووی لێ فەراهەم دەبێت"

یوسف جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رانیە بە کوردستان24ـی راگەیاند "تەواوی ناوەندەکانی خوێندن ئاگادارکراونتەوە پرۆسەی خوێندن بۆ قۆناغی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکاتەوە و، دەبێت خوێندکار و مامۆستایان بە دەمامکەوە دەوام بکەن و ماددەی پاککەرەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا هەبێت، بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی تەندروست بێت، چونکە ئێمە پێمان وایە: تاکێکی خۆپارێز، قوتابخانەیەکی تەندروست لە کۆتاییدا خوێندنێکی سەرکەوتووی لێ فەراهەم دەبێت".

پەروەردەی رانیە، دووەم گەورە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئاستی باخچەی ساوایان، تاوەکو قۆناغی 12ـی ئامادەیی، 65 هەزار خوێندکاری هەیە، کە بەسەر 200 ناوەندی خوێندن دابەش بوون، ئەمڕۆش بە گوتەی یوسف جەلال "4 هەزار و 128 خوێندکاری پۆلی 12ـی ئامادەیی کە بەسەر 42 خوێندنگا دابەش بوون، دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکەنەوە"، هەروەها دەڵێ "ئەمڕۆ رەنگە خوێندن وەکو پێویست نەبێت، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا خوێندن بە شێوازێکی تەندروست و خۆپارێزییەوە دەستپێدەکاتەوە".

لەمڕۆوە تاوەکو یەک هەفتە، ئەو بژاردەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە رێگەی فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەیکردووە و لە قوتابخانەکان پڕدەکرێتەوە، بەخێوکار سەرپشک دەکرێت لەوەی قوتابییەکەی لەنێو پۆل بخوێنێت یان خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلایین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نووسینەکییەکان لەنێو پۆل دەبن.

نزیکەی 80 هەزار قوتابی دەچنەوە قوتابخانەکانی دهۆک

مەسعوود محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند "لە پارێزگای دهۆک ئامادەکاری تەواو کراوە، تاوەکو پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی دەستپێبکاتەوە، پێشتر بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەکانی ئامادەیی بانگکراون و کۆبوونەتەوە. بەگوتەی ئەوان؛ بڕیاردراوە هیچ قوتابییەک یان مامۆستایەک رێگەی پێنەدرێت بەبێ جێبەجێکردنی رێکارەکانی تەندروستی، بێتە قوتابخانە".

بەگشتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 500 هەزار خوێندکار هەن، کە نزیکەی هەشتا هەزاریان پۆلی 12ـی ئامادەیین.

بەڕێوەبەری ئامادەییەکی زاخۆ: رێگە نادەین قوتابییان لە کاتی پشووشدا بەکۆمەڵ بووەستن

م. جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری یەکێک لە ئامادەییەکانی زاخۆیە و قسەی بۆ کوردستان24 کرد. ئەو، دەڵێ "هەر کە یەکەم قوتابی ئەمڕۆ هاتووەتە ژوورەوە، پلەی گەرمیمان پێواوە، ئینجا بە بەستنی دەمامک رێگەمان داوە بێتە پۆل، لە پۆلەکانیش دووری نێوان هەر دوو قوتابییەک مەترێک و نیو بۆ دوو مەترە... هیچ کێشەیەکمان نییە و سوپاسی حکومەت دەکەین کە دەمامک و ماددەی پاککەرەوەی بۆ دابینکردووین و بەسەر قوتابییان دابەشیان دەکەین".

سەبارەت بەو کاتانەی کە قوتابیان لە پشوودا دەبن لە قوتابخانەکە، مامۆستا جەمال دەڵێ "ئەو کاتانەش ناهێڵین قوتابییان زۆر تێکەڵی یەکتر بن، دوو یاریدەدەرم هەریەکەیان لە سەرەوەی رێڕەوەکە دەبێت، خۆشم لە لای دەرگا چاودێرییان دەکەم".

قۆناغ و پۆلەکانی دیکەی ئامادەیی

سەبارەت بە خوێندنی قۆناغ و ئاستەکانی دیکە، بەپێی پلانی وەزارەتی پەروەردە، کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان پەسەندی کردووە، دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی و پەیمانگاکان، حکومی و ناحکومی لە 1-3-2021 دەستپێدەکات.

بەڵام پێش دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ ئەو قۆناغانە، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا 2-2-2021 کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و هەر بڕیارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری، بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.