زیاتر لە 300 قەوارە و ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی عێراق تۆماركراون

ئەمڕۆ وادەی تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان بۆ ھەڵبژاردنی عێراق كۆتایی دێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ تۆماركردنی ئەو ھاوپەیمانی و قەوارە سیاسیانەی دەیانەوێت بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن و تائێستا زیاتر لە 300 قەوارە تۆماركراون.

عەبدولرەزاق موشیر، بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە كوردستان24ـی راگەیاند "ئەمرۆ دوا وادەیە بۆ تۆماری ھاوپەیمانی و قەوارە سیاسییەكان. تائێستا زیاتر لە 300 قەوارە تۆماركراون".

گوتیشی: "زانیاریمان نییە لەوەی ھیچ قەوارەیەكی كوردی خۆی تۆمار كردووە یان نا".

روونیشیكردەوە: "پرۆسەی تۆماركردنی ھاوپەیمانی و قەوارەكان تا كاتژمێر 4ی ئێوارە بەردەوام دەبێت".

بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد: "تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان تا 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ژمارەیەك كەس لە ھەولێر بۆ وەرگرتنی رێنماییەكان سەردانی لقی كۆمسیۆنیان كردووە".

بڕیارە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت، ھەندێك لایەن باس لە بڕیاری دواخستنی وادەی ھەڵبژاردن دەكەن و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق و ھەندێك لایەنی دیكەش دەنگۆی دواخستن رەتدەكەنەوە.