تهندروستی ههولێر: چاودێری قوتابخانەكان دەكەین
K24 - ھەولێر
خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە و تەندروستی ھەولێریش رایگەیاند، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی قوتابییان، بەردەوام چاودێری قوتابخانەكان دەكەن.
د. بژار مووسا، گوتەبێژی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ـی راگەیاند" "وەزارەتی تەندروستی چەندین رێنمایی دەركردووە بۆ قوتابییان و قوتابخانەكان كە خۆی لە بەستنی دەمامك و دووری كۆمەڵایەتی و خاوێنكردنەوەی بەردەوامی پۆلەكان و كۆمەڵێك رێنمایی دیكە دەبینێتەوە".
گوتیشی: "تیمێكمان دروستكردووە لە رێگەی خشتەیەكەوە سەردانی قوتابخانەكان دەكات، بۆ پشكنینی قوتابی و مامۆستایان و دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان، ھەموو ھەوڵێك دەدرێت بۆ پابەندبوونی قوتابی و مامۆستایان بە جێبەجێكردنی رێكار و رێنماییەكان".
لە دوایین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بڕیاردرا خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی بە گرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەكان لەناو پۆلەكان دەست پێبكاتەوە، بۆیە ئەمڕۆ 16/1/2021 خوێندنی قۆناغی 12 لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە.