وەزیری تەندروستی ئەمەریکا: کردار و گوفتارەکانی ترەمپ ناوی ئیدارەکەیان پیس کرد

نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە
ئەلێکس ئەزار و دۆناڵد ترەمپ، وێنە: Al Drago/Bloomberg
ئەلێکس ئەزار و دۆناڵد ترەمپ، وێنە: Al Drago/Bloomberg

K24 - هەولێر

ئەلێکس ئەزار، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بەهۆی رووداوەکانی باڵەخانەی کاپیتۆڵ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و، دەڵێ "کردار و گوفتارەکانی ترەمپ ناوی ئەو ئیدارەیەیان پیس کردووە".

ئەزار نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە 12-1-2021 پێشکەش کردووە و نامەکە دوێنێ "هەینی" لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە.

لە نامەکەدا، کە ئەزار ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای کردووە باس لەوە دەکات لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا کاتێک ئەو وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بووە، چەند کاری باشی کردووە.

بەڵام لە بەشێکی نامەکەدا دەڵێ "بەداخەوە، کردار و گوفتارەکانی سەرۆک ترەمپ لەدوای هەڵبژاردن و بەتایبەتی ئەوانەی هەفتەی رابردوو، ناوی ئەو ئیدارەیەیان پیس کرد... هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ هەڕەشە بوو لەسەر دیموکراسییەتمان و نەریتی رادەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتییانە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەمجار بە دونیای ناساند".

ئەلێکس ئەزار باس لەوە دەکات پلانی هەیە لە کارەکانی بەردەوام بێت تاوەکو تیمی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەدوای سوێندخواردنی جۆو بایدن لە 20-1-2021 دەستبەکاردەبن.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ئەلێکس ئەزار باسی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە، بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بکات لەگەڵ ترەمپ هاوڕا نەبووە کاتێک ترەمپ دەیگوت کۆرۆنا پەتایەکی سووکە و نامینێت.

لەکاتێکدا ئەمەریکا "درەنگ" دەستی بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی کرد لە کۆرۆنا، ئەزار بە شانازییەوە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاماژە بە کارە خێراکانی وەزارەتەکەی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.