ئێران هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌مه‌ریكا

یاداشتێكیان له‌ رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی سویسرا راده‌ستی واشنتن كردووه‌
سه‌عید خه‌تیبزاده‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران
سه‌عید خه‌تیبزاده‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی سویسرا له‌ تاران، په‌یامێكیان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناردووه‌ و تێیدا هۆشدارییان به‌ واشنتن داوه‌، كه‌ سكاڵا له‌ دژی وڵاته‌كه‌یان له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تۆمار ده‌كه‌ن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و هۆشدارییه‌ی ئه‌وان بۆ ئه‌مه‌ریكا دوای ئه‌و رێكارانه‌ی واشنتن دێت، كه‌ له‌ دژی دیپلۆماتكارانی كۆماری ئیسلامی له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكا گرتوویه‌تیه‌ به‌ر.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عید خه‌تیبزاده‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی: یاداشتێكی فه‌رمییان ئاماده‌كردووه‌ و له‌ رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی سویسرا له‌ تاران بۆ ئه‌مه‌ریكایان ناردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "یاداشته‌كه‌ هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ره‌فتاره‌ "نایاساییه‌كانی" دژ به‌و دیپلۆماتكارانه‌ی ئێران نه‌وه‌ستێنێت، كه‌ له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كه‌ن، ئه‌وا واشنتن په‌لكێشی دادگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها گوتی: "ماوه‌یه‌كی درێژه‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌رپێچیكردنی یاسا به‌رده‌وامه‌ و سنووره‌كانی به‌رامبه‌ر ئه‌و دیپلۆماتكاره‌ ئێرانیانه‌ و خانه‌واده‌كانیان به‌زاندووه‌، كه‌ له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ناو ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كه‌ن" و جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "ئه‌و رێكارانه‌ كاری دیپلۆماتكاره‌ ئێرانییه‌كانی له‌ ئه‌مه‌ریكا و ژماره‌یه‌ك وڵاتی دیكه‌ش په‌كخستووه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا وێڕای پابه‌ندبوونی به‌ میوانداریكردنی ژماره‌یه‌ك رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام هه‌رگیز میواندۆست نه‌بووه‌ و به‌درێژایی مێژووه‌كه‌ی هه‌وڵی كۆسپ خستنه‌ به‌رده‌م دیپلۆماتكاره‌ ئێرانییه‌كان و خانه‌واده‌كانیان داوه‌".

H.B