"تۆماری ده‌نگده‌رانی كورد له‌ كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا كێشه‌ی هه‌یه‌"

رێبوار هادی: لە رووی یاساییەوە رۆژی دیاركردنی ھەڵبژاردنی عێراق ھەڵەیە
كارتی دەنگدانی ھەڵبژاردنی عێراق - ئەرشیف
كارتی دەنگدانی ھەڵبژاردنی عێراق - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

رێبوار هادی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ رایگەیاند، كێشه‌ له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی كورد له‌ سنووری هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا هه‌یه‌ و كۆمسیۆن كارتی ده‌نگدانی بۆ رێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگده‌ری كورد نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

لەمیانی بەشداریكردنی لە یەكێك لە گەشتەكانی ھەواڵی كوردستان24، رێبوار هادی گوتی: "لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆمسیۆن وه‌كو هه‌وڵێك بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌بینن و ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بووڵ ناكرێت".

سەبارەت بە دیاركردنی رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق رێبوار هادی، ئاماژەی بەوەدا: "لە رووی یاساییەوە دیاركردنی رۆژی ھەڵبژاردنی عێراق ھەڵەیە، چونكە دەبێ لە ئەنجومەنی وەزیران داوا پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكرێت ئەویش دەیداتە پەرلەمان و دواتر پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پەسندی دەكات، رێگەیەكی دیكە ئەوەیە بەگوێرەی ماددەی 64 دەستووری عێراق پێویستە خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، دەبێ دیاركردنی رۆژی ھەڵبژاردن لە رێی پەرلەمانەوەبێت".

راشیگەیاند: "ھەڵبژاردن ئەگەر ئەنجامبدرێت، دەبێ متمانە بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق بگێڕێتەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باوەڕی پێ ھەبێت، بەڵام بەمشێوەیە باوەڕناكەم ھیچ گۆڕانكارییەك لە عێراق رووبدات، بەگوێرەی یاسای كۆمسیۆن ھەڵبژاردن لە رێگەی كارتی دەنگدانە نەك بایۆمەتری، ئەمە یەكێكە لە كێشەكان و رێگری ناكات لە ساختەكاری".