زیاتر لە 21 ملیار دینار بەسەر جوتیارانی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت

"بەشی شایستە داراییەكانی جوتیاران گەیشتووە"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – ھەولێر

بەشی پێنجەمی شایستە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ھەرێمی كوردستان و بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ئاشكرای دەكات، بڕی پارەكە 21 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.

نەوزاد شێخ كامیل، بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەشی پێنجەمی شایستە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 گەیشتووە و بڕی 21 ملیار و 700 ملیۆن دینارە، پارەكە بەسەر جوتیارانی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت، كە بۆ ھەولێر 6 ملیار و 400 ملیۆن دینار، بۆ دھۆك 6 ملیار، 9 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای سلێمانی".

روونیكردەوە: "لەم ھەفتەیە رێكارە ئیدارییەكان تەواو دەكرێن و ھەفتەی داھاتوو پارەكە بەسەر جوتیاران دابەش دەكرێت".

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "ساڵی رابردوو 390 ھەزار تەن گەنمی  جوتیارانی ھەرێم دراوەتە حكومەتی عێراق و بڕی پارەكە 200 ملیار و 277 ملیۆن و 919 ھەزار دینارە، لەو بڕە تائێستا 75 ملیار دینار ھاتووە و ئەوەی دیكە ماوە بینێرن".