وەبەرهێنەرانی چینی روودەکەنە هەولێر بۆ دروستکردنی مۆڵ و تەنانەت شاری پێنج ملیار دۆلاری 

روودەکەنە هەولێر بۆ دروستکردنی مۆڵ و تەنانەت شاری پێنج ملیار دۆلاری 
نەخشەی هاپی سیتی
نەخشەی هاپی سیتی

K24 - هەولێر

چین، نەوەک تەنیا لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەکەی، بەڵکو لە ئاستی وەبەرهێنانیش زەبەلاحە، هەر بەو شێوەیەش بەنیازن  وەبەرهێنانی گەورە لە هەولێر بکەن، هەر لە کردنەوەی مۆڵ و بازاڕ، بۆ دروستکردنی شاری گەشتیاری کە دەریاچەی دەستکردی تێدا دەبێت.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر لە لێدوانێکدا سەبارەت بە وەبەرهێنانی چینی لە هەرێمی کوردستان قسەی بۆ کوردستان24 کرد و رایگەیاند "لە هەفتەی رابردوو بەردی بناغەی مۆڵێکی گەورەی چینی لە هەولێر لەلایەن سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و کونسوڵی وڵاتی چین دانرا".

کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، رۆژی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە (10-1-2021) لە راگەیەندراوێکدا لە فەیسبووک نووسیویەتی "‎ئەم پڕۆژەیە هەماهەنگی بازرگانی و ئابووری نێوان چین و هەرێمی كوردستان بەرەو ئاستێكی بەرزتر دەبات. هیوادارین كۆمپانیای چینی زیاتر و زیاتر بێن بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق بەمەبەستی وەبەرهێنان و هەماهەنگی كرداری و سوودگەیاندنی زیاتر بە گەلی كورد". 

نەخشەی هاپی سیتی
نەخشەی هاپی سیتی

سەرمایەی پێنج ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی شارێک 

لە مانگی ئەیلوولـی 2020، گەورە وەبەرهێنەرێک پرۆپۆزەڵێکی پێشکەش کرد بۆ دروستکردنی شارێکی گەشتیاری لە هەولێر بە سەرمایەی 5 ملیار دۆلار، سامان عارەب دەڵێ پرۆژەکە "ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ تەرخانکردنی زەوی، ئومێد دەکەین لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی دابنرێت".

وەبەرهێنەرانی چینی بەشێوەیەکی بەرچاو دێنە هەرێمی کوردستان 

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر دەڵێ وڵاتی چین دواکەوتبوون لە وەبەرهێنان لە کوردستان، بەڵام ئەوەی ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ خودی کونسوڵ و وەبەرهێنەرەکان کردووە، ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو دێنە هەرێمی کوردستان و  کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بووژانەوەی کەرتی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار دەبێت، "جگە لەوەی ئەمە روویەکی دیکەی هەیە، کە ئەویش سیاسییە".

نەخشەی هاپی سیتی
نەخشەی هاپی سیتی

وەبەرهێنەرەکە خەریکی کردنەوەی ژمارەی بانکییە لە هەرێمی کوردستان

گەورەترین پرۆژەی چینی لە هەولێر، پرۆژەی هاپی سیتییە کە لەلایەن کۆمپانیای پەکین ئەنجامدەدرێت، لەسەر رووبەری دوو هەزار دۆنم زەوی بە سەرمایەی پێنج ملیار دۆلار. 

ئەو پرۆژەیە نزیکەی هەشت هەزار کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ دەڕەخسێنێت. سامان عارەب دەڵێ "پرۆژەکە یەکەی گەشتیاری و نیشتەجێبوون و دەریاچە و پرۆژەی کاتبەسەربردنیشی تێدایە".

ئەو وەبەرهێنەرەی خاوەنی پرۆژەی هاپی سیتییە لە هەولێر، بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر پێشتر لە وڵاتی مالیزیشیاش هەمان پرۆژەی جێبەجێ کردووە.

بەپێی ئەو پلانەی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر کراوە، پرۆژەی هاپی سیتی بە پێنج ساڵ جێبەجێ دەکرێت دوای ئەوەی بەردی بناغەی دادەنرێت. سامان عارەب دەشڵێ وەبەرهێنەرەکە "ئێستا خەریکی پارەدارکردنی پرۆژەکە و کردنەوەی ژمارەی بانکییە لە هەرێمی کوردستان".