عێراق و ئوردن شارێکی پیشەسازی دادەمەزرێنن

"بە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەكان دادەنرێت"
ناوچەی سنووری نێوان عێراق و ئوردن - ئەرشیف
ناوچەی سنووری نێوان عێراق و ئوردن - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

بڕیارە گەورەترین شاری پیشەسازی لەنێوان عێراق و ئوردن دابمەزرێت و لە رێگەیەوە  100 ھەزار ھەلیكار برەخسێنرێت.

دەستەی شارە پیشەسازییەكانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی شاری پیشەسازی بە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەكان دادەنرێت، كە بۆی ھەیە ئابووری وڵات پێشبخات و ژماری بێكارانیش كەمبكاتەوە، ئەوە بێجگە لە دابینكردنی بەرھەمی ناوخۆ و رێگەگرتن لە ھاوردەكردنی ھەڕەمەكی.

ئاماژەی بەوەشدا، ھەماھەنگییەكی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو وڵات ھەیە، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە گرنگ و كاریگه‌ر دابمەزرێت كە بە شارێكی ئابوورییانە ناودەبرێت، رووبەرەكەی 4 ھەزار و 800 دۆنمە، دوو ناوچەی ئازاد و پیشەسازی لەخۆدەگرێت و لە رێگەیەوە 100 ھەزار ھەلی كار بۆ خه‌ڵكی ھەردوولا دەرەخسێندرێت.